کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ئارد، کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە

11:49 - 22 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کەمیی ئارد لە ئێراندا بەرەبەرە گەیشتووەتە ئاستی قەیران و لە زۆربەی شارەکان دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئارد کەمیی هەیە و ڕێژیم ئاردی نانواکان دابین ناکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، به‌هۆی دابەزینی سەهمییەی ئارد لە شاری قوچاندا لە پارێزگای خوراسان، نانواییەکانی ئەو شارە زۆربەیان داخراون.

لە گوندی "کەچەلانلوو" کە ١٧٠ خانەواری هەیە، نانواکەی بەهۆی نەبوونی ئارد داخراوە و خەڵکەکەی بۆ دابینکردنی نان دەڕۆنە شاری قوچان.

ئەگەرچی لە ئێستادا کەمیی ئارد لە بازارەکانی ئێراندا هەیە، ڕێژیم بڕیاری داوە نان گران بێت، بەڵام هەتا ئێستا نرخی گەنم بۆ ئەمساڵ دیاری نەکراوە.

"بیژەن نەورۆز"، سەرۆکی یەکیەتیی نانە سونەتییەکان، باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر نرخی نان بەرز بێتەوە کارێکی نامەعقولانە نییە، چونکە نانەواخانەکانیش بە نرخی کەم ناتوانن کارەکانیان بەڕێوە ببەن.

لە شارەکانی کوردستان و ئێران نرخی پێداویستییەکان و بە تایبەت خواردن و خۆراک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە نرخی خواردەمەنییەکانی لە ئێراندا تورمزی بڕیوە و کۆنترۆڵ ناکرێت.