کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمئەندامان و کارمەندان ناڕازیی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

17:09 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێژەیەکی بەرچاو له کەمئەندامان و کارمەندانی نەخۆشخانە، لە هەمبەر به نەبوونی لانیکەمی مووچە و مافی پەرستاریی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بەفرانبار، ڕێژەیەکی بەرچاو له کەمئەندامان و کارمەندانی نەخۆشخانە، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر نەبوونی مووچەی بیمەی تەوانبەخشی و مافی پەرستاریی، لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیمدا کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ناڕازییان خوازیاری جێبەجێکردنی یاسا پێوەندیدارەکان بوونە و پرسیاریان ئەوە بووە، که بوودجەی تەرخانکراو بۆ ئەوان له ساڵی ٩٨دا چەندە و تا چ ڕادەیەک دەستیان به ئیمکاناتە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەگات؟

هەر لەم پێوەندییەدا، سەدان کەس لە کارمەندانی سندووقی بیمەی کشاوەرزی، لە بەرانبەر ڕێکخراوی دامەزراندندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ناڕەزایەتییەکەی ئەوان لە هەمبەر نەبوونی ئاسایشی کار و هەروەها دامەزراندنی فەرمی بووە. ئەم کارمەندانە پێشتریش چەند جار هاتوونەتە تاران و لەوێش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرێوە بردووە.

گرینگی نەدانی بەرپرسانی ڕێژیم به چین و توێژه جیاجیاکانی کۆمەڵگا هەر ڕۆژ لە شوێنێکی ئێراندا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، کە بەم بۆنەوە جیا که دواکەوتنی کاروباری ناوەند و ڕیکخراوەکان، ناڕەزایەتییەکان پەرە دەستێنن و بە ڕیکخراوەییتر بەڕێوە دەچن، کە ئەمە نیگەرانی خودی بەرپرسانی ڕێژیمیشی لێ کەوتووەتەوە.