کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاڵتەجاڕێک بە ناوی مەجلیس

19:27 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیم لە هەوڵێکی پێکەنیناویدا وەزیری نەشیاوی سەنعەتی کردە وەزیری کار!

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر مەجلیسی ڕێژیم دەنگی متمانەی بە چوار وەزیری پێشنیاری حەسەن ڕوحانی بۆ وەزارەتەکانی ئابووری، کار، ڕێگەوبان و سەنعەت دا کە دژکردەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.

حەسەن ڕوحانی کە بۆ داکۆکی لە وەزیرە پێشنیارییەکانی چبووە مەجلیس، زیاتر لەوەیکە پشتگیری لە ڕابردووی وەزیرەکانی و بەرنامەکانی دەوڵەتەکەی بکات، وەک عادەتی باوی خۆی دەستی کرد بە پاساوهێنانەوە و سەفسەتە کردن.

یەکێک لەو وەزیرانەی کە ڕوحانی بە مەجلیسی ناساند و دەنگیشی هێنایەوە بریتی بوو لە محەممەد شەریعەتمەداری کە پێشتر وەزیری سەنعەت بوو و مەجلیس بەتەما بوو بەهۆی نەشیاوی و ناکارامەییەوە لێپرسینەوە (استیضاح)ی لەگەڵ بکات بەڵام پێشوەخت دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئەمجارەیان ١٩٦ دەنگی بەناو نوێنەرانی مەجلیسی وەدەست هێنا و توانی ببێتە وەزیری کار!

ڕوحانی لە کاتی داکۆکی لە شەریعەتمەداری ڕایگەیاند: ئێمە لە ڕۆژانی داهاتوودا و وەک یەکەم هەنگاومان "سبد غذایی" بەسەر خەڵکی کەمداهاتدا دابەش دەکەین و دواتریش کار بۆ سازماندانی "تامین اجتماعی" دەکەین. سندووقەکانی ئێمە لە حاڵەتی سندوق هاتوونەتە دەرێ، هەموو سندووقەکانمان کێشەیان هەیە و دەبێ سندووقەکانمان زیندوو بکەینەوە."

ئەم گاڵتەجاڕەی دەوڵەت و مەجلیس کە زیاتر وەک سیناریۆ و پیلانێکی هاوبەشی ئەم دوو جەمسەرە لە دەسەڵات دەبیندرێت، دژکردەوەی لە دنیای مەجازی و لای سیاسەتمەدارەکانیش بەدوای خۆیدا هێنا؛ لە تویتێردا بەکاربەرێک بەناوی "مەسعود جەماڵی" نووسیویەتی: "دەنگی متمانە بە شەریعەتمەداری ئەوپەڕی وردبینی و قووڵبیرکردنەوەی نوێنەرانی مەجلیس نیشان دەدات. نوێنەرانێک کە تا دوێنێ دەیانویست بەهۆی لاوازی و کەمکارییەکانی لە وەزارەتی سەنعەت ئیستیزاحی بکەن ئێستە کردوویانەتە وەزیری کار؛ بەڕاستی ئێمە چەندە "پیاوی سیاسیمان" کەمە؟"

بەکاربەرێکی دیکەش نووسیویەتی: "ڕوحانی بە ترامپ دەڵێ دنیا گۆڕاوە بەڵام وادیارە دەبێ کەسێکیش بە ئاغای ڕوحانی بڵێ دنیا زۆر زۆر گۆڕاوە. لە سیاسەتی مۆدێڕندا ئەم کارە هەڵەیە، وەزیرێکی گەندەڵ لە وەزارەتخانەیەک هەڵبگریت و بە بەرچاوی خەڵکەوە بۆ وەزارەتخانەیەکی تر دیاری دەکەیت و دەنگی بۆ وەردەگری!! بەڕاستی جێگەی داخە."

هاوکات ئەمیرحسەین گەنج‌بەخش چالاکی سیاسی لە ئامریکا بە ڕادیۆ فەردای وتووە: "تا ئەو کاتەی نیهادی ویلایەتی فەقیهی بنبڕ نەکرێت، کێشە ئابوورییەکانی دەوڵەت چارەسەر ناکرێت؛ ناوبراو ویلایەتی فەقیه بە نەخۆشینی "قانقاریا" دەشوبهێنێ و دەڵێ تاکوو ڕەگی سەرەکی نەخۆشییەکە وشک نەکرێت ئەم گۆڕانانە تەنیا خۆماندووکردنە و هیچی تر."