کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی، سفرەی بنەمالەکانی ئێرانی چووکەتر کردووەتەوە

13:27 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی چوونەسەرەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، هەر ڕۆژ سفرەی زۆربەی بنەماڵەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، چووکە و چووکتر دەبێتەوە.

چەندین مانگە کە بە هۆی وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و کشانەوەی زۆربەی کۆمپانیا و بازرگانەکان لەو وڵاتە، ئابووریی ڕێژیمی ئێران ڕووی لە داڕمان و بازاڕەکانی ئێران تووشی شڵەژان و هەڵاوسانێکی بێوێنە بوونەتەوە، کە بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخە ژیانی بنەماڵە ئێرانییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

هەر ڕۆژ کە خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دەچنە ناو بازاڕ، لەگەڵ نرخی نوێ و گرانتر لە ڕۆژی پێشووتر بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەتاکوو ئێستا مەجلیسی ڕێژیم چەندین دانیشتنی تایبەتی بۆ تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی قەیرانی گرانی بەڕێوە بردووە، بەڵام هەرجارە بێئاکام بووە و تەنیا قسەی بەرپرسانی ڕێژیم و وڵامی دەوڵەتی ڕۆحانی دەستپێکی شەڕی ئابووری ئامریکا دژ بە ئێرانە، و هەر وەک هەمیشە تەنیا ڕێگاچارەی دەوڵەت لە ئاکامی ئەو دانیشتنانەدا، داواکارییە لە خەڵکی ئێران بۆ تەحەمۆڵی زیاتر و بێدەنگ بوونیان لە بەرانبەر گرانی و قەیرانی ئابووری کە لە ڕاستیدا هۆکارە سەرەکییەکەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم و کردەوە تیرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمەیە، کە لە وڵاتانی دیکەدا بەڕێوەی دەبات.

بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێراندا بە هۆی گرانی، گەندەڵی ئابووری و قەیرانە جۆربەجۆرەکانی وڵاتەکەیان ڕژانە سەر شەقامەکان و بۆ ماوی زیاتر لە یەک مانگ درێژەیان بەو ناڕەزایەتییەکان دا، هەروەها لە پووشپوڕی ئەمساڵیش شایەتی ناڕەزایەتییەکی بەرین و داخرانی زۆربەی بازاڕەکانی تاران و چەندین شاری گەورەی ئێران بووین.

بەڵام تەنیا کاری ڕێژیم گرێدانی ناڕازییان بە ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان و ئەشکەنجە، زیندانی و تەنانەت کوشتنی ناڕازییان بووە.

لە نوێترین ڕاپۆرتدا کە لەسەر بازاڕەکانی ئێران و قەیرانی گرانی لەو وڵاتە بڵاو کراوەتەوە، باس لە هەڵکشانی بێوێنەی نرخی هەندێک لە کاڵا سەرەکییەکانی وەکوو گۆشت، شیرەمەنی و ... هتد کراوە، لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە بە چووکەتر بوونەوەی سفرەی زۆربەی بنەماڵەکانی ئێرانی هاتووەتە ئاراوە.

  پاش بڵاوکردنەوەی نرخی نوێی مەوادی شیرەمەنی و گرانتربوونی زیاتر لە ١٥٪ی ئەو شتانە لە بازاڕەکانی ئێراندا، عەلی ڕەجەبی، بەرپرسی ڕێکخراوی فرۆشیارانی شیرەمەنییەکان باسی لەوە کردبوو، کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار، گرانبوونی نرخی مەوادی سەرەتایی و خۆراکی مەڕوماڵات، نرخی شیرەمەنییەکان لە ئێراندا چووەتە سەرەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا بە هۆی چوونەسەرەوەی نرخی گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک، ئەو خواردەمەنییە سەرەکییە لە سفرەی زۆربەی بنەماڵە ئێرانییەکاندا نەماون.

دوایین ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە، کە لە ساڵی ١٣٩٧دا بۆ چەندەمین جار، نرخی گۆشتی سوور بەرز بووەتەوە و لەم دواییانەدا بۆ جارێکی دیکە نرخی گۆشتی سوور لە قەسابییەکاندا بەرزتر بووتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی لە شاری سەقز کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، هەر کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکەی نێر بە ئێسکەوە بووەتە ٤٣ هەزار و گۆشتی بێ ئێسک بۆ ٥٥ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا نرخی گۆشتی ئێسکداری گوێرەکە ٣٦ هەرار و بێ ئێسکیش تەنیا ٤٦ هەزار تمەن دیاری کرابوو.

لەو بارەوە ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "بە هۆی گرانی، هەندێک لە بنەماڵە ئێرانییەکان توانایی کڕینی گۆشتی سوور و هەروەها گۆشتی مریشکیان نەماوە و ئەو مەوادە پرۆتۆئینییە گرینگانە لە سفرەی ئەو بنەماڵانە وەلا نراوە".

ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی ئابووری، هەروەها باسی لەوە کردووە، کە لە حاڵێکدا پارەی دەوڵەتی بۆ هاوردەکردنی مەڕوماڵات و مریشک دیاری کراوە، نەدەبوو نرخی گۆشتی سوور و مریشک لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرز ببێتەوە.

لە لایەکەوە، گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕیژیمی ئێران و کشانەوەی کۆمپانیا و بازرگانەکان لەو وڵاتە و لە لایەکی دیکەشدا دیاردەی گەندەڵی و دزی خۆدی بەرپرسانی ڕێژیم هەتا دێت ژیانی خەڵکی ئێران ئەستەمتر و قەیرانی ئابووری و گرانی لەو وڵاتە زیاتر و زیاتر دەکات و بەرپرسانی ڕیژیمیش کە بۆ خۆیان دەستیان لە هەموو بونیات و ناوەندە ئابوورییەکان و تەنانەت بەشی هەناردە و هاوردەکان بۆ ئەو وڵاتەدا هەیە، تەنیا لە فیکری گیرفان و سوودی زیاتری خۆیانن و ژیانی خەڵکی ئێران هیچ بایەخێکی لای ئەوان نییە.

ئا: نەوید کەرەمی