کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی، شەوچلەی ئەمساڵی بۆ خەڵک ناخۆش کردووە

11:32 - 29 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بێکاری و گرانیی پێداویستییەکانی ژیان، گوزەرانی خەڵکی کوردستانی ئەستەم کردووەتەوە و کڕینی پێداویستییەکانی شەوچلەی ئەمساڵ نیگەرانیی خەڵکی بەدواوە بوو.

شەوی یەڵدا یان شەوچلە ، درێژترین شەوی ساڵە کە وەکوو یەکەم شەوی زستان و نەریتێکی کۆن لە لای خەڵکی کوردستانەوە به شێوەیەکی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بەم شەوە لە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکاندا، خەڵکی کوردستان لە گرانبوونی نرخەکان بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا و هەروەها جیاوازی نرخەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا، دەناڵێنن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە لە سێ ڕۆژی کۆتاییی مانگی سەرماوەزدا، نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی شەوچلە، بە شێوەی کاتی لە گۆڕاندایە و خەڵک ناچارن پێداویستییەکانی خۆیان بە نرخێکی گران بکڕن.

بەپێی ئامارەکان، نرخی مریشک لە ١٠ هەزارەوە  گەیشتووەتە کیۆیەک ١٤ هەزار تمەن، ئاجیل لە ٦٥هەزارەوە تا ١٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت و نرخی شیرینی ١٥ تا ٢٠ هەزار تمەنە.

دۆڵمە خواردنێکە کە لەم شەوەدا لە زۆربەی ماڵەکانی کوردستاندا ئامادە دەکرێت و بۆ ئەم خواردنەش گەڵاشۆر یەکێک لە پێداویستییەکانە، کە نرخەکەی لە بازاڕدا گەیشتووەتە ٨ تا ١٠ هەزار تمەن.

دۆخی نالەباری ئابووری و بێکاری لەڕادەبەر بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەم شارانە نەتوانن به شێوازێک کە خۆیان دەیانەوێت لەم شەوەدا پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیان دابین بکەن.