کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و بێکاری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت

10:24 - 29 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئاستی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان بەردەوام پەرە دەستێنێ و ڕێژیمیش هیچ ڕێکارێکی بۆ چارەسەرکردنیان پێ نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی دزی کردن لە شارەکانی کوردستان ڕوویان داوە کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو نیشان لە زیادبوونی ئاستی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەدات؛ ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ڕێگایەکی بە کردەوەییان نییە هەتا خەڵک ئەوەندەی دیکە تووشی بێداهاتی نەبن و لەوە زیاتر گرفتە کۆمەڵایەتییەکان زیاد نەکات.

دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی و داخستنی سنوورە نافەرمییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا هێندەی دیکە خەڵکی لەباری ئابوورییەوە خستووەتە ژێر گوشار . دیاردەی ناشیرینی دزی بە پێی ئاماری دامودەزگاکانی ڕێژیم لە کوردستاندا بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە.

 شێوە جۆراجۆرەکانی دزیکردن لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا فەزایێکی ناسالم و تۆقێنەری بۆ خەڵک دروستکردوە . لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەقز زیاتر لە دە کەس لە سەر دزیکردن دەستبەسەر کراون . دزینی کەلوپەلی ماشین، دزینی ئاژەڵ لە دێهاتەکاندا و دزیکردن لە خانوو و دوکانەکانی ناوشار نمونەی بەرچاوی ئەو دزیانەن .

 لە شاری سەقز لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا و لە ناو جەرگەی بازاڕی سەقزدا زیاتر لە چوار دوکان شەوانە دزیان لێکراوە . دزین و ڕفاندنی کیف و مۆبایلی خەڵک لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە.

چەتەیی چەکدارانە لە جادەکانی دەرەوەی شارەکان لە پارێزگاکانی ئەهواز و لوڕستان بە جۆرێک نائەمنی دروستکردووە کە خەڵک شەوانە بە پارێزێکی زۆرەوە لەو ڕێگایانەدا هاتوچۆ دەکەن .

مانگی خەرمانانی ئەمساڵیش ، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، شەوانە کەسانێکی نەناسراوی دەمامکدار بە چەکەوە، لە ڕێگای نێوان شار و گوندەکان پێشیان بە ماشێنی هاونیشتمانییان دەگرت و هەر جۆرە پارە و کەلوپەلێکی بەکەڵکیان پێ بایە لێیان دەستاندن.

هەروەها سەرەتای مانگی سەرماوەز ئەمساڵ،  لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، پاسگای دارەلەک بە هاوکاریی هێندیک کەسی خۆجێی ناوچەکە، باندێکی دزی و تاڵانیان پێک هێناوە و سەروەت و دارایی خەڵک دەدزن.