کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و گەندەڵی لە ئێراندا بەردەوام لە پەرەسەندندایە

11:16 - 14 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دوای گرانبوونی نرخی نان لە ئێران، لە هەندێک لە نانواکاندا، کێش و قەبارەی گونکە هەویرەکان کەم بووەتەوە و لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە هیچ چاوەدێرییەکی بەسەردا ناکرێت. 

بە‌پێی‌ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی تیشک، له‌ هه‌ندێك له‌ نانه‌وا‌كانی‌ شاری‌ سه‌قزدا كه‌مفرۆشی‌ ده‌كرێت‌ و کێشی گونکە هەویرەکانیان کەم کردووەتەوە و نانێکی بچووک بە نرخێکی گران بە خەڵک دەفرۆشرێت.

به‌پێی‌ بڕیاری‌ خودی‌ ڕێژیم، هه‌ر گونکە هه‌ویرێک بۆ یه‌ك نان، ده‌بێ‌ ٢٠٠ گره‌م بێت، واته‌ هەر ٥ گونکێک دەبێ یه‌ك كیلۆ بێت‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك لە نانه‌واخانه‌کاندا،‌ ٨ گونکە هەویرێک یه‌ك كیلۆیه.

‌‌هەروەها، نانه‌كان زۆر بچووکن و بنه‌ماڵه‌كان به‌هۆی‌ گرانیی‌ نانەوە‌ گوشارێكی‌ زۆری‌ ئابوورییان له‌سه‌ره‌‌ و ناتوانن نانه‌ وشكه‌كه‌ش به‌پێی‌ پێویست بكڕن.

لە حاڵێکدا ئەوە ئەرکی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە چاوه‌دێریی‌ ورد به‌سه‌ر نانه‌واخانه‌كاندا بكات، بەڵام جاروبار سه‌ردانی‌ نانه‌واخانه‌كان ده‌كه‌ن و لە بەرامبەر سەرپێچییەکانی نانواخانەکان، هیچ کاردانەوەیەکیان نییە.

وێڕای ئەوەی کە گرانی و قەیرانەکان لەڕادەبەدەر باڵیان بەسەر ئێراندا کێشاوە، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتیی بەهاناچوونی خەڵکەوە، زیاتر هەلی گەندەڵی و دزییان ڕەخساندووە.