کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی "ڕێژین" یارمەتیی منداڵانی هەژار دەکات

13:36 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: گرووپی "ڕێژین" لە کامیاران، لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان لە کوردستاندا، یارمەتیی منداڵانی هەژاریان داوە.

لە کردەوەیەکی مرۆڤدۆستانەدا، گرووپی "ڕێژین" لە شاری کامیاران، لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکاندا، یارمەتیی منداڵانی دەسکورت و هەژاریان داوە.

ئەندامانی ئەو گرووپه لە گوندەکانی ئەو شارەدا، کەلوپەلی خوێندنیان بۆ قوتابییان کڕیوە و ڕادەستیان کردوون.

مەبەست لەو هەڵمەتە، یارمەتیگەیاندن بەو قوتابییانە بووە کە توانای دابینکردنی کەلوپەلی خوێندنیان نەبووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، گرووپی شاخەوانیی "کاسارۆ"ی مەریوان، بە مەبەستی پێگەیاندن و گەشەی منداڵان، قوتابخانەی گوندی "کانی تەمەرخان"ـیان نۆژەن کردەوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ هاوکاریی خەڵک، دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەی کەلوپەلی قوتابخانە تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی بە نرخی هەرزانتر بە دەستیان بگات.

بە وتەی کاربەدەستانی ڕێژیم، تەنیا ٣٠ لەسەدی ئەم کەلوپەلانە هاوردە دەکرێت، ئەوی دیکەی بەرهەمی نێوخۆیە، بەڵام هەموو ئەم کەلوپەلانە بە نرخی دۆلاری بازاڕی ئازاد بە خەڵک دەفرۆشرێن.

گرانیی نرخەکان وای کردووە کە هەندێک لە فرۆشیاران کەمپەین بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کەمداهات ڕێک بخەن، هەتا هیچ منداڵێک لە خوێندن دانەبڕێت.