کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گلۆباڵ ویتنێس: لە ساڵی شەرمدا، ٦ ژینگەپارێز لە ئێران کوژراون

13:57 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیی باسی لە کوشتنی ١٦٠ ژینگەپارێز لە ساڵی ٢٠١٨دا کردووە کە لەو ئامارانەدا، ٦ کەس لە ئێراندا بە تاوانی ژینگەپارێزی کوژراون.

دامەزراوەی نێونەتەوەیی "گلۆباڵ ویتنێس"، جێگیر لە لەندەن و واشنتۆن، لە ڕاپۆرتێکدا کە مانگی ژووئییەی ٢٠١٩ی زایینی بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٦ کەس لە ئێراندا بەهۆی پاراستنی ژینگە کوژراون.

ئەم، دامەزراوەیە باسی لەوە کردووە کە لە هەر حەوتوودا، ٣ کەس لە دنیادا، لە کاتی پاراستنی ژینگەدا دەکوژرێن و کۆمەڵێکی دیکەش بەرەوڕووی کردەوەی تاوانبارانە دەبنەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بە ڕیز وڵاتانی: "فیلیپین، کۆلۆمبیا، هیند، برزیل، گواتما، مکزیک، کۆماری دێمۆکراتیکی کۆنگۆ و ئێران"، لە ڕیزەکانی یەکەمی لیستەی ئەو وڵاتانەدان کە چالاکانی ژینگەپارێزی تێیدا دەکوژرێت.

"گڵۆباڵ ویتنێس" نووسیویەتی کە لە هەندێک لە وڵاتەکاندا، لەوانە ئێران، ژینگەپارێزان بە تۆمەتگەلێکی وەک "تێرۆریست" یان "دژبەری ڕێژیم"، ناویان لێ دەبرێن و ئەو ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا، ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی ٩ چالاکی ژینگەپارێزی کردووە کە لە ئێراندا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتێکدا، ساڵی ٢٠١٨ی بە "ساڵی شەرم" بۆ ئێران ناو لێبرد، کە ٧ هەزار کەس لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و لەوانە ژینگەپارێزیش لەو ساڵەدا دەستبەسەر کرابوون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، دەتوانین ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی چالاکانی بواری ژینگەپارێزی لە کوردستاندا بکەین و هەروەها، گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزانی کورد، بۆ پاراستنی ژینگەیەک کە بەهۆی سیاسەتە کاولکارانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بوونە قوربانی.