کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکانی خەڵک

12:42 - 21 خەرمانان 2718

 کوردستان میدیا: ناوەندە داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، گوشاریان خستووەتە سەر مانگرتووان تا دووکانەکانیان بکەنەوە.

 بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستاندا، دەیانەوێت بە زۆرملێ دووکان بە خەڵک بکەنەوە و کۆتایی بە  مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان بهێنن.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە لە شاری سنە ڕێژیم گوشاری خستووەتە سەر دووکانداران کە دووکانەکانیان بکەنەوە و هەروەها لە شارەکانی ورمێ و مەهاباد دووکانە داخراوەکانی بە ئێسپریی ڕەنگ دیاری کردووە، هەتا بتوانن دواتر دووکانەکان بناسنەوە و خاوەنەکانیان دەسبەسەر بکەن.

لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە گوشارهێنان و دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە شارەکانی کوردستان هەوڵی دابوو، کە ڕێ لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان بگرێت.

هەروەها ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک و هاووڵاتییان هێزێکی زۆری ڕەوانەی شارە کوردەکان کردووە.

خەڵکی شارەکانی کوردستان بە مەبەستی بەرپەچدانەوە و مەحکوومکردنی کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ دەستیان بە مانگرتنێکی گشتی داوە و بە نەچوونە دەرەوە لە ماڵەکانیان کردەوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران مەحکووم دەکەن.