کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری پارلمانی کانادا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

10:34 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پارلمانتارانی کانادا وێڕای ئیدانەکردنی هێرش و پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گەلی کورد، داواکارن کاری جیددی بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بکرێت.

لە مانگی ژوئەنی ئەمساڵدا و بە دەسپێشخەری حیزبی کۆنسێرڤەتیڤی کانادا گەڵاڵەی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران دەنگی لە پارلمانی ئەم وڵاتە وەرگرت بەڵام لە پاش ئەو ماوەیە حکومەتی کانادا هیچ کارێکی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەیاساکە نەکردووە.

لەمبارەوە به‌ڕێز گارنه‌ت جه‌نه‌س، پارلمانتار له‌ حیزبی كۆ‌نسێرڤه‌تیڤ له‌ پارلمانی کانادا له‌ حكوومه‌تی کانادا و سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌پرسێت كه‌ بۆچی حكوومه‌تی کانادا هێرش بۆ سه‌ر كورده‌كانی ئیدانه‌ نه‌كرد و داوا ئه‌كات كه‌ سپای پاسداران بخرێته‌ لیستی تێرۆرەوە.

به‌ڕێز جه‌نه‌س له‌ مانگی ژوئەندا گەڵاڵەیەكی پێشكه‌شی پا‌رلمانی کانادا كرد و داوای كرد كه‌ سپای پاسداران بخرێته‌ لیستی تێرۆر، له‌و کاتەدا‌ پا‌رلمانتارانی کانادا له‌ هه‌موو حیزبه‌كان ده‌نگی بەڵێ"یان بە گەڵاڵەکە دا و وەک پڕۆژەیاسا‌ پێشكه‌شی سێنای کانادا كرا.

ئێستا له‌ دوای چه‌ندین مانگ حكومه‌تی کانادا هێشتا‌ ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه‌ بۆیە به‌ڕێز جه‌نه‌س و حیزبه‌كه‌ی ‌ داواکارن کە پڕۆژەیاساکە پشتگوێ نەخرێت و بە زووترین کات هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بدرێت.