کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایانی کوردستان زیاتر دەبێت

12:26 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم بەمەبەستی زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایانی کورستان لە پاش مانگرتنی ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر پۆلێکی دیکە لە مامۆستایانیان بانگهێشت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایان و بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتنی رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی رەزبەر، رۆژی رابردوو شەممە، ژمارەیەکی دیکە لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارە کران.

ناوی بەشێک لە مامۆستایانی بانگهێشت‌کراو بە چەشنەیە: تاهیرقادرزادە، سلێمان عەبدی، سەید عەلی حسەینی، ئەحمەد قادری، حامید یەزدانی، خالید عەبدوڵڵاهی.
شایانی باسە کە دۆسیەی سلێمان عەبدی رەوانەی دادستان کراوە و مەترسی سەپاندنی سزای بۆ دەکرێ.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەر، مامۆستا "محەممەد ساڵح شەکەری" مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە لە ژێرگوشاری ئیدارەی ئیتلاعات دابووە.