کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی "زەردۆیی" ڕێوڕەسمی چلەی هاوین بەڕێوە دەبات

11:54 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی چلەی هاوین لە باخەکانی گوندی زەردۆیی لە ناوچەی باینگان سەر بە شاری پاوە، بە چەندین بڕگەی جیاوازی سپاسگوزارییەوە دەستی پێکرد.

ڕێوڕەسمی کولتووریی "چلەی هاوین"، کە بەهۆی دابەزینی گەرما و هەڵگرتنی بەرهەمی باخەکان بەڕێوە دەچێت و بڕگەگەلی جیاواز، وەکوو: "شانۆ، مۆسیقای کوردی، هەڵپەڕکێ و دابەشکردنی بەرهەمی باخەکان" لەخۆ دەگرێت، لە گوندی زەردۆیی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشاندا، دەستی پێکرد.

خەڵک لەم ڕێوڕەسمەدا، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگامە، ژەندنی مۆسیقای کوردی، ڕێکخستنی ڕەشبەڵەکی کوردەواری و هەڵکردن و هەڵگرتنی ئاگر و دروستکردنی بووکەڵە لە شێوەی ژن و پیاو، سپاسگوزاریی سروشت دەکەن و هیوا دەخوازن کە سروشت و یەزدان گوندەکەیان لە باران و ئاو و ئاوەدانی بێبەش نەکەن.

لەم ڕێوڕەسمەدا، بەشداربووان بووکەڵەکان دەخەنە نێو چۆم و ڕووبارەکانەوە و بەو شێوەیە سپاسگوزاری لە سروشت و یەزدان دەکەن و داوایان لێدەکەن کە ساڵی داهاتووش پڕ بێت لە باران و فەڕ و خێر و بەرەکەت و لەگەڵ بارانی بەڕەحمەتیشدا، ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بەسەریاندا بڕێژن.

ئەم ڕێوڕەسمە کە بە ڕێوڕەسمی سپاسگوزاریی ئاو و ئاوەدانی، یان هەمان "بووکە بەبارانێ" ناودێر کراوە، لە دێرزەمانەوە تاکوو ئەمڕۆ بەردەوامە و ڕیشەیەکی هەزاران ساڵەی هەیە کە ئەمڕۆش بەڕێوەدەچێت و دەوترێت کە ڕیشەکەی بۆ سەردەمی "میتراییزم" دەگەڕێتەوە.