کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندەکانی دێلوڕان بەرەو چۆڵبوون دەچن

18:22 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: گوندەکانی شاری دێلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی کەمیی پێداویستییەکانی ژیان چۆڵ دەبن.

شارستانی دێلوڕان لە پارێزگای ئیلام، لە ڕێزی ناوچە بێبەشکراو و هەژارەکانە و  وشکەساڵی، نەبوونی پێداویستییەکانی خۆشبژیوی و بێهداشت و تەندروستی، لەو ناوچەیە وای کردووە، کە حەشیمەتی گوندەکانی ئەو شارە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بە هۆی کۆچی ناچاری کەمتر بێتەوە.

لە شارستانی دێلوڕان ڕۆژانە ٢٢٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت و ٩٠ لەسەدی نەوت و گازی ڕۆژئاوای ئێران، لەو ناوچەیەیە و وەکوو جەمسەرێکی سەرەکیی وزە لە ئێراندا ئەژمار دەکرێت، هەروەها ٥٠ لەسەدی بەرهەمە وەرزێڕییەکان لە پارێزگای ئیلام، لەو شارەدا بەرهەم دێت.

سەرەڕای دەوڵەمەندی شارستانی دێلوڕان لە سەرچاوە زێرزەوینییەکان و کانگاکان، خەڵکی ئەو ناوچەیە لە خوارترین ئاستی ژیاندا دەژین و لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن.

بە هۆی گرنگی نەدانی ڕێژیمی ئێران بەو ناوچانە و پێشبردنی سیاسەتی فاشیستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هێشتا زۆرینەی خەڵکی گوندەکانی دێلوڕان، لەنێو ماڵی قوڕینە دەژین و بینای گوندەکان لەبەرامبەر هەر ڕووداوێکی سروشتی کەمترین خۆڕاگرییان هەیە.

هەروەها هەندێک لە گوندەکان، ڕێگەوبانیان نییە و ئەو گوندانەیش کە هەیانە، ڕێگەوبانەکانیان قیرتاو نەکراون، جێگەی ئاماژەی بە هۆی کردەوە ناکارناسانەکانی ڕێژیم لەو ناوچانە بۆ چارەسەریی قەیرانی ئاو، وای کردووە، کە ئەو ناوچە تووشی وشکەساڵی بێت؛ شایانی باسە زۆربەی گوندەکانی دێلوڕان هێشتا بۆری گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین نەکراوە.

وشکەساڵی و لە ئاکامدا کەمبوونی کاری وەرزێڕی، بووەتە هۆی ئەوی کە لاوانی ئەو گوندانە بۆ کار، دەربەدەری شارە ناوەندییەکانی ئێران ببن و زێدی چەندهەزار ساڵەی خۆیان بەجێ بیهێڵن و ڕوو لە شارەکان بکەن.

یەکێک لە سیاسەتە نامرۆڤانە و  سەرەکییانەی ڕێژیمی ئێران، لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان و بەئەنقەست دابین نەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانە، چونکە دەیەوێت کوردستان چۆڵ بکات و دەست بەسەر هەموو داهات و سامانی کوردستاندا بگرێت.