کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوێکتەپە بووەتە شوێنێکی شیاو بۆ تاڵانکارییەکانی ڕێژیم

17:56 - 20 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: له‌ حاڵێکدا که‌ خه‌ڵکی شاری گوێکته‌په‌ به‌ده‌ست که‌میی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانەوە ده‌ناڵێنن، گه‌نده‌ڵی و دزیی به‌رپرسانی ڕێژیم، داوێنی ئه‌و شاره‌شی  گرته‌وه‌.

هه‌واڵنێری کوردستان میدیا له‌ ڕاپۆرتێکدا ڕایگه‌یاند: "گوێکته‌په‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ زیاتره‌ که‌ بووەته‌ شار، به‌ڵام خەڵکی ئەم شارە له‌ هه‌موو پێداویستییه‌کی ژیانێکی ئەمڕۆیی بێبه‌رین و به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌ش نه‌تەنیا‌ هیچ هه‌نگاوێک بۆ چارەسەریی کێشەکانی هه‌ڵناگرن، به‌ڵکوو بەپێچەوانەوە ته‌ماحیان کردووەته‌ گیرفانی خه‌ڵک و خه‌ریکی تاڵانچییه‌تین.

بەپێی زانیارییەکان، شاری گوێکته‌په‌ خاوەنی نه‌خۆشخانه‌یەکە، که‌ ته‌نیا هه‌ندێک له‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی تێدایه‌ و زیاتر لە دەرمانگەیەکی گوندەکانی مەهاباد دەچێ تاکوو نەخۆشخانەیەکی شار، بەو حاڵەشەوە هه‌ندێک له‌ ده‌ستوپەیوه‌ندییه‌کانی ڕێژیم لەم شارە بەنیازن ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش ڕادەستی کەرتی تایبەت بکەن.

هاووڵاتییەکی شاری گوێکتەپە لەمبارەوە بە کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە: "سه‌رله‌به‌یانیان ویزیتی هه‌ر نه‌خۆشێک به‌ ٥٠٠ تمه‌نه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوانیوه‌ڕۆکان سه‌ردانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بکه‌ین، ٤٠٠٠ تمه‌نه. یان سێڕۆمێک که‌ به‌یانیان نه‌خۆش پێویستی بێت، ٧٠٠ تمه‌ن و دوانیوه‌ڕۆکان ٨٠٠٠ تمه‌نه و ده‌یانهه‌وێت ده‌فته‌رچه‌ی بیمه‌ی ڕووستایی لا ببه‌ن و ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ بێ ئیمکاناته بکه‌ن به‌ نەخۆشخانەیەکی خسووسی".

ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌ که‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشکرا بکرێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو هەندێک لە بەناو بەرپرسانی ناوچەکە سەرقاڵی بانگەشەکردن بۆ ئەوەن کە خەڵک لە پاشنیوەڕۆیان سەردانی ئەم ناوەندە دەرمانییە بکەن تاکوو قازانجی زیاتر بچێتە گیرفانی خۆیانەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە شیفتی پاشنیوەڕۆیان ‌ دوکتوری باشتری تێدایه‌، له‌ حاڵێکدا که‌ دوکتوری هه‌ر دوو شیفت، هه‌ر یه‌ک کەسە.

‌‌گوێکته‌په‌ له‌ ١٥ کیلۆمتریی مه‌هاباد، له‌ ده‌شتی شاروێران هه‌ڵکه‌وتووه‌ و ئێستا زیاتر له‌ ٩ هه‌زار که‌س حه‌شیمه‌تیە و و زیاتر له‌ ٢٠٠٠ خانه‌واری هەیە.

سەڕەڕای ئەوەیکە ناوی شاریان لێناوە و بووەتە خاوەن دامودەزگای حکوومەتی، ساڵانە ماڵیات لە دانیشتووانی وەردەگیرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی شیاوی شاری بۆ ئەنجام نەدراوە و بە وتەی دانیشتووانەکەی، بەرپرسانی ڕێژیم لەم شارە، بە ناوی خەمخۆری خەریکی تاڵانکردنی گیرفانی خەڵکن.