کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆشتی جێژنی قوربان لە سنە خەڵکی نەخۆش کرد

12:10 - 24 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی بەکارهێنانی گوشتی قوربانی لە شاری سنه کە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان نەخۆش کەوتوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای ئەوەیکە جێژنی قوربان لە کوردستان بەڕێوەچوو، لە شاری سنە لە لایەن "کۆمیتەی ئیمدادی خومەینیـ"ـەوه گۆشتی قوربانی بڵاو کراوەتەوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی تووشی نەخۆشی کردووە.

دوای ئەم ڕووداوە، خەڵک گومانیان لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران بە بیانووی گۆشتی قوربانی، گۆشتی بەستووی لەنێو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە.

دانیشتووانی شاری سنه، "کۆمیتەی ئیمداد" بە بکەری ئەو کارە دەزانن.

لەم پەیوەندییەدا، کۆمیتەی ئیمدادی خومەینی لە شاری سنە ڕوونکردنەوەی داوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە ئەمانەتداریمان کردووە و نییەتی ئێمە خێرخوازی بووە".

لەبارەی بڵاوکردنەوەی "گۆشتی بەستوو"یش لەنێو خەڵکدا، بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمە دەنگۆی خەڵکە و ڕاست نییە.

لەبارەی ئەو هەواڵەوە، هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە کە ئەو گۆشتەی لە لایەن کۆمیتەی ئیمدادی خومەینییەوە بڵاو کراوەتەوە، بەشێکی زۆری ماوەبەسەرچوو بووە و ئەوەش خەڵکی نەخۆش خستووە.