کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ بووەتە قوربانیی گەندەڵیی کاربەدەستانی ڕێژیم

10:06 - 14 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ئەو یارمەتییە ماڵییانەی کە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە بۆ ژیانەوەی گۆلی ورمێ تەرخان دەکرێت، لە لایەن مافیاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەدزرێت و هیچ هەنگاوێک بۆ بووژاندنەوەی ئەم گۆلە هەڵناگیرێت.

ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕەزبەر، ''نادر قازیپوور''، بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمدا، ڕاگەیاندووە: "ئەو سەرچاوە ماڵییانەی کە بۆ ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ نێردراون، بە دەستی ئیمە نەگەیشتوون".

"نادر قازیپوور" باسی لەوە کرد: "داوامان ئەوەیە کە جەهانگیری وەک بەرپرسی ستادی ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ پێمان بڵێت کە ئەو یارمەتییانەی کە لە لایەن هەندێک لە وڵاتان بۆ ژیانەوەی ئەم دەریاچەیە نێردراون تا ئێستا لە کوێ خەرج کراون".

ئەم نوێنەرەی مەجلیسی ڕیژیم هەروەها وتی: "ئاگادارین کە بەم یارمەتییە ماڵییانە کە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە بووە و بۆ ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخان کرابوو، ٧ کەس بۆ ئامریکا سەفەریان کردووە و تا ئێستا ڕاپۆرتێکیان بەم ستادە نەداوەتەوە".

گۆلی ورمێ بووەتە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران و هەتا ئێستا بۆ بووژاندنەوەی ئەو گۆلە کە داهاتی سروشتی و سامانی نەتەوەیی کوردستانە، هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیی بۆ هەڵنەگیراوە و بە بیانووی ژیانەوەی ئەم گۆلە، لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە گەندەڵییەکی زۆر دەکرێت.