کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕینەوەی سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێران و بکوژێکی ئوکراینی

11:05 - 22 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بکوژێکی ئوکراینی لە زیندانەکانی ئێراندا، لە بەرانبەر سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێران ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "تی.ئس.ئنـ"ـی ئوکراین، ئاندری نوویچکۆ، کە لە ئێراندا بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەستی مەلەوانێکی ئێرانی، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار، ئازاد کرا و بۆ وڵاتی ئوکراین گەڕێندرایەوە.

ئەم بکوژە ئوکراینییە، لە بەرانبەر ئازادکردنی عەلی جەدووعی بوو، کە بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیم، بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای پاسداران، لە زاری باڵوێزی ڕێژیم لە ئوکراین، نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دوو زیندانیی ئێرانی و ئوکراینی گەڕانەوە وڵاتی خۆیان، ئەم کارە لە ئاکامی وتووێژ، لێکتێگەیشتن و دیپلۆماسی جێبەجێ کراوە و سپاسی بنەماڵەی مەلەوانە کوژراوەکەشی دەکەم کە بە هۆی ڕەحم و بەزەییی موسڵمانەتی لە خوێنی ڕۆڵەکەیان خۆش بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی "یوونی.ئنـ"ـی ئوکراین، عەلی جەدووعی، لە ساڵی ٢٠٠٥دا، بە مەبەستی خوێندن لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی لە ئەنستیتۆی هەوایی "خارکەف" وەرگیراوە و لە کاتی دەسبەسەریدا لە قۆناغی دوکتورا بووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کە لە بەرانبەر سیخوڕێکی خۆیاندا، هەموو هەوڵی خۆیان وەگەڕ دەخەن هەتا بنەماڵەی کوژراوەکە ڕازی بکەن و لە خوێنی ڕۆڵەکەیان خۆش ببن، لە ساڵدا دەیان و سەدان هاووڵاتیی ئێرانی بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە دەدەن و هیچ هەنگاوێک بۆ لێخۆشبوونی بکوژەکە نادەن، بەڵام بۆ ئازادکردنی سیخوڕێکی خۆیان هەموو هەوڵێک دەدەن و بە ناوی دیپلۆماسیش ناوی لێ دەبەن.