کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانی کەبوودوەند لە مەترسیدایە

21:56 - 10 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: گیانی محەممەدسدیق کەبوودوەند، زیندانیی سیاسیی کورد لە مەترسیدایە و لەبەر نالەباریی و جێگر نەبوونی دۆخی تەندروستیی، ئەگەری لەدەستدانی گیانی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، محەممەد سدیقی کەبوودوەند کە لە ساڵی ١٣٨٦ەوە دەستبەسەر کراوە و بە تاوانی پارێزگاری کردن لە مافی مرۆڤ و لە ژێر ناوی دژایەتیی ئەمنیەتی ئێران، لە بێ‌دادگەی ئێراندا، حوکمی زیندانی بەسەردا سەپا، ماوی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیی زۆر مەترسیدار بۆتەوە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی کەبوودوەند، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا هاتووە:

بەپێی دوایین هەواڵەکان، محەممەد سدیقی کەبوودوەند بە هۆی دابەزینی زۆری پەستانی خوێنیەوە، کە بە هۆی مانگرتن لە خواردن تووشی بووە، چۆتە حاڵەتی بێهۆشی و ئەگەری ئەوەی هەیە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی تاڵەقانی ڕابگیرێت. پزیشکەکان وتوویانە کە بە درێژە کێشانی مانگرتنەکەی، ئەگەری ڕاوەستانی دڵی هەیە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە؛ کەبوودوەند بە هۆی ئەو تۆمەتە نوێیانەی کە خستوویانەتە پاڵی و هەروەها بە دژی بەڕێوە نەچوونی مادەی ١٣٤ی یاسای نوێی تاوان بەنیسبەت ئەوەوە، لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥ەوە دەستی داوەتە مانگرتن و تۆمەتە وەپاڵ دراوەکانی خۆی ڕەد دەکاتەوە و داوای ئازاد بوونی هەرچی زووتری دەکات.