کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشەی پیشەی ئێران بەردەوام ڕوو لە دابەزینە

18:12 - 17 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ژووری بازەرگانیی ئێران ڕایگەیاند کە پشکی بەشی پیشە لە بەرهەمهێنانی ناپاقژی میللی، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

"غوڵام حوسێن شافعی"، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە: "ئەوەی کە لە پیشە و ڕەوتی پیشە ئیدعامان هەیە، لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی وڵات تەبایە، پشکی بەشی پیشە لە بەرهەمهێنانی ناپاقژی میللی، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە ١٤.٤ لە سەدەوە، دابەزیوە بۆ ٢.٢ لەسەد و ئەمە واتە ڕەوتی پێشکەوتن ئەرێنی نییە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "گەشەی گشتیی ئابووریی ئێمە بەبێ نەوت، ٤- لەسەدە، لە بەرانبەردا پیشە بە تەنیایی ٦.٥- لەسەدە و نرخی گەشەی پێکهێنانی سامانی سەقامگیر لە ساڵی ٩٧دا، ٦.٩ لەسەدە و بە جیددی لەگەڵ کیشەی دابەزینی سەرمایەدانان ڕووبەڕووین".

پاش گەڕانەوەی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە تووشی داڕمانی ئابووری بووە. ئاستی هەناردەکردن و هاوەردەکردنیشی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی دابەزین بووە و مانەوەی نەوتی ئەو ڕێژیمە و نەکڕینی لە لایەن وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێرانەوە، ئەو وڵاتەی لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کرد.