کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوەکانی ئامریکا هەتا بەچۆکداهێنانی ڕێژیمی ئێران کۆتایییان نایە

11:42 - 4 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پاش ١٣ی خەزەڵوەر دیسان گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێرانەوە.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕێوڕەسمی ٣٥ ساڵەی یادکردنەوەی قوربانییانی تەقینەوە بۆمب لە بنکەکەیەکی چەکدارانی ئامریکا لە لوبنان ڕایگەیاند: ئامریکا پاش وەگەڕخستنەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ١٣ی خەزەڵوەردا، خولێکی دیکە لە گەمارۆوەکان دەست پێ دەکات.

سەرۆکی ئامریکا، شەوی پێنجشەممە ٣ لەسەر ٤ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمێک لە نێو بنەماڵەی قوربانییانی ئەو تەقینەوەیە کە لە ٢٣ی ئۆکتۆبری ١٩٨٣ی زایینی لە وڵاتی لوبنان، لە لایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە ئەنجام درا وتوویەتی: ٣٥ ساڵ پێش ٢٤١ سەربازی ئامریکایی لە هێرشێکی تێرۆریستانە لە بەیرووتی لوبنان گیانی خۆیان لە دەست دا، ئەم هێرشە لە لایەن حیزبووڵڵای لوبنانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە جێبەجێ کرابوو، کە مەبەستی ڕێژیم گەیشتن بە ئامانجە سەرەڕۆیی و پاوانخوازانەکانی لە ناوچەکەدا بوو.

لەم تەقینەوەیە کە لە لایەن حیزبوڵڵا و بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام درا، جگە لە ٢٤١ سەربازی ئامریکایی، ٥٨ سەرباز و نیزامیکاری فەڕانسەیی و ٦ کەسی سڤیلیش بوونە قوربانی.

ترامپ لەم پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە، کە جیگە لە ئەلقاعیدە هیچ گرووپێکی تێرۆریستیی دیکە بە ڕادەی حیزبوڵڵای لوبنان دەستی بە خوێنی سەربازانی ئامریکایی سوور نییە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو سەربازانەی ئامریکا کە لە لایەن حیزبوڵڵاوە بوونە قوربانی، لە ڕیزی یەکەمی خەبات بە دژی تێرۆریزم بوون، کە بەو بۆنەوە ئامریکا لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینی، ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ڕیزی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان تۆمار کرد.

گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵا کە لە لایەن وڵاتانی ئامریکا و چەندین وڵاتی دیکە وەکوو تێرۆریست دەناسرێت، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و بە داهات و سامانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران خۆی لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن.