کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم هەموو ئێرانی گرتووەتەوە

12:04 - 21 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: گەندەڵی و نابەرپرسایەتی لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە، بە جۆریک کە هەندێک لە بەرپرسان دەسبەسەر و هەندێکی دیکەشیان "ممنوع الخروج" دەکرێن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیمەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، "سەید جەواد سلێمانی"، سەرۆکی گرووپی ماشینسازیی "سایپا"، بە حوکمی لێکۆڵەری لقی ٥ی دادگای کرێکارانی دەوڵەت، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، بۆ ماوەی ٦ مانگ "ممنوع الخروج" کراوە.

پێشتریش هەواڵی زۆر سەبارەت بە سەرپێچیکردنەکانی کڕینی ماشین، ئەمبارکردنی ماشین و بەرزکردنەوەی نرخی ماشینەکان لە لایەن ماشینسازەکانەوە، لەوانە گرووپی ماشینسازیی "سایپا"، بڵاو کراوەتەوە.

وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، لە ماوەی ڕابردوودا وتبووی کە لە پەروەندە پەیوەندییدارەکان بە کۆمپانیای سایپاوە، ٧ کەس دەسبەسەر کراون کە چەند کەسیان سەرۆکی کۆمپانیاکان بوون و ئەوانی دیکە نوێنەرانی ئەم کۆمپانیایە بوون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی کەرتی تایبەت، دەوڵەتی ئەرکدار بە فرۆشتنی پشکی "ئێران خۆدرۆ" و "سایپا" کردووە، لە حاڵێکدا کە ئەو دوو شیرکەتە بە کردەوە مایەپووچ بوونە.

ڕێکخراوی کەرتی تایبەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەوڵەتی ئەرکدار کردووە هەتا پشکی دوو شیرکەتی ماشینسازیی "ئێران خۆدرۆ" کە سەرجەم، نزیک بە ٨ میلیارد تمەن زەرەرمەندە و هەروەها شیرکەتی ماشینسازیی "سایپا"، کە سەرمایەکەی ٤ هەزار میلیارد تمەنە و لە بەرانبەردا زیاتر لە ٢٠ هەزار میلیارد تمەن زەرەرمەندە، بفرۆشێت.

هەموو ئەم زەرەرانە بۆ گەندەڵیی بەرپرسانی باڵای خودی ڕێژیم و نەبوونی شارەزایی و نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە.