کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵییەکانی ڕێژیم لە بازاری ئێراندا

18:40 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە بازار، کەشێکی مەسموومی ئابوورییان دروست کردووە.

سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکانی ڕێژیم و دووبارە بوونەوەی گەمارۆکان لە لایەن ئامریکا و کشانەوەی کۆمپانیاکانی دەرەکی لە ئێراندا، ئابووریی ئێرانی تووشی قەیران کردووە، لەم حاڵەتەدا، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، ناتوانن ئەو قەیرانە چارەسەر بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم بە تایبەت فەرماندە نیزامییەکانی سپای پاسداران و ئاغازادەکان، پەرە بەو قەیرانە دەدەن بۆ دەسکەوتی تاکەکەسی خۆیان و گەندەڵی لە بازاری ئێراندا.

لە نوێترین گەندەڵی لە بازاری ئێراندا، ناسر سراج، بەرپرسی ڕێکخراوی پشکنین، ڕایگەیاندووە، کە لە پێشفرۆشکردنی سکە لە بازار، ٥٠ کەس بە کڕینی ٣٨٠ هەزار سکە، ٣٨٠ میلیارد تمەن، واتە لە هەر سکەیەک یەک میلیون تمەن قازانجیان کردووە.

لە ناونووسی پێشفرۆشی سکە،٧ میلیون و ٦٠٠ هەزار سکە کڕدراوە، کە ڕێژەی کڕیاران ١١٤ هەزار و ٥٠٠ کەس بووە، بەڵام لە کۆی گشتی سکە فرۆشراوەکان، ٥٠ لەسەدی لە دەستی ئەو ٥٠ کەسەیە؛ بە وتەی ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمیش، تاکی وا هەیە بە تەنیا ٢٥ هەزار سکەی کڕیوە.

ئەو ٥٠ کەسە کە زۆرینەی سکەکانی بازاریان کڕیوە، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە ناویان نەهاتووە، بەڵام بازاڕیانی ئێران، لەو باوەڕەدان کە ئەندامانی سپای پاسدران و ئاغازادەکانن، کە دەستێوەردان لە بازار دەکەن و توانای کڕینی ئەو ڕێژە سکەیان هەیە.

هاوشێوەی ئەو گەندەڵییە، لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەرپرسانی سپای پاسداران بە کڕین و فرۆشتن و دەڵاڵی لە بازاڕی ئەرز، قازانجێکی یەکجار زۆریان دەسکەوت لە گرانبوونی دۆلار و دابەزینی تمەن، کە هەتا ئێستەیش بەردەوامە.

هێشتا بەرپرسانی ڕێژیم نەیانتوانیوە بازاری ئەرز کۆنترول بکەن؛ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی بازاڕی ئێرانن و هەر کەسێکیان لە ڕێگەی باندی خۆی، لە بازاڕ دەستێوەردان دەکات و بە دروستکردنی کەشی ئابووری ژاراوی، سوودی کەڵان بە دەست دەهێنن.