کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین فستیڤاڵی ئەدەبی ــ فەرهەنگیی کوردستان بە ناساندنی بەرهەمە سەرکەوتووەکان کۆتایی پێهات

15:06 - 5 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دووهەمین خولی گەورەترین فستیڤاڵی شیعری کوردی لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی مەولەویی کورد لە شاری سـنە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دووهەمین فستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد کە لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی مەولەویی کوردـەوە رێکخرابوو، دوای دوو رۆژی کاری بەردەوام، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

رێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە تالاری فەروەردینی ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی شاری سـنە بەڕێوەچوو و لێژنەی داوەرانی فستیڤاڵەکە رێزیان لە ١٧ شاعیر و نووسەری کورد گرت.

دووهەمین فستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد خانەخوێی ٩٧٣ بەرهەمەی ئەدەبیی لە ٢٥٢ شاعیر بە زاراوەکانی هەورامی، کەلهوڕی، سۆرانی، ئەردەڵانی و کرمانجیی زمانی کوردی بوو.

لیژنەی داوەران لە فەرزاد میر ئەحمەدی، کلسووم عوسمان پوور، عەلی ئولفەتی، محەممەد موەفەقی و رەحیم لوقمانی پێکهاتبوو و دوای هەڵسەنگاندنی بەشی بەرهەمە ئەدەبییەکان؛ بەهار شەریفی لە ئیلام، ئەنوەرعەرەب لە بۆکان، ئەسەد ئازاد بەخت لە کوهـدەشت، شلێر محەممەدی لە کامیاران، عەلیڕەزا قاسمی فەر لە بیجاڕ، فەرزاد سێقەرلە کرماشان، سەیوان نیک پێی لە مەریوان، کیومەرس بەلدە لە ئیسلام ئابادی غەرب، شەویار کۆڵانی لە مەهاباد و ئەرسەلان چەڵەبی لە بۆکان وەکوو کەسانی سەرکەوتوو هەڵبژاردران.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لێژنەی داوەران لە بەشی کتێبە سەرکەوتووەکان هیچ بەرهەمێکیان وەکوو بەرهەمی یەکەم و دووهەم هەڵنەبژاردوە و بەرهەمەکانی وێنەیەکی تەواو باڵا لە مردنم بەرهەمی جەماڵ مەولایی ــ سنە، ئێوارە تاوسان لە عەلی حاتەمی ـ کرماشان بە شێوەی هاوبەش لە بەشی باشترین کتێب، پلەی سێیەمیان بە دەست هێنا و خەڵاتی چوارەم بە بەرهەمی دیار بە مستەفا حوسێنی ــ کرماشان پێشکەش کرا.
هەروەها لە کۆتایی دووهەمینفستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد عەلی حوسێنی لە سەقز، کەریم دافعی لە بانە، ناهید محەممەدی لە ئیلام و ئیسماعیل حوسێن پوور لە خوراسانی باکوور رێزیان لێگیرا.

یەکەم خولی فستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد لە بەهاری ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بەڕێوەچوو.

ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی مەولەویی کورد لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی بەهەوڵی چەند کەس لە شاعیران و نووسەرانی کوردستان لە شاری سـنە دامەزرا و لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی لقی فێرکاریی ئەو دامەزراوەیە بە بەڕێوەبردنی کلاسەکانی کێشناسی شێعر(عروض) مووزیکی شیعر، زمان و ئەدەبیاتی کوردی چالاکتر بوو.