کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕانەوەی پەنابەرانی ئەفغانی بۆ وڵاتی خۆیان بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران

17:54 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٧٠٠ هەزار پەنابەری ئەفغانیی لە ئێراندا، بە هۆی شپرزیی ئابووریی ئێران، پەنا بۆ وڵاتەکەی خۆیان دەبەنەوە.

ڕێکخراوی جیهانیی پەنابەران ڕایگەیاندووە، لە ماوەی یەکساڵی رابردوودی زایینیدا، بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووریی و ئەستەمبوونی بژێویی ژیان لە ئێراندا، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار پەنابەری ئەفغانی بەرەو وڵاتەکەی خۆیان گەڕاونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕیتێرۆز، ڕێکخراوی جیهانیی پەنابەران ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، بەگشتی ٧٥٢ هەزار و ٣٢٥ پەنابەری ئەفغانی لە پاکستان و ئێران بۆ ئەفغانستان گەڕاونەتەوە، کە لەم ڕێژەیەدا ٧٢١ هەزار و ٦٣٣ کەسیان لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.

ئەم ڕێکخراوەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕۆیشتنەوەی پەنابەرانی ئەفغانی بۆ وڵاتەکەی خۆیان، بۆ دابەزینی بەهای ڕیاڵ یەکەی دراوی ئێران گەڕاندووەتەوە، کە لەسەر داهات و بژێوی ژیانی ئەم پەنابەرانە کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپی داناوە.

پەنابەرانی ئەفغانی کە لە دەست دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیی ئەفغانستان پەنایان بۆ ئێران بردووە، بە هۆی وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم و دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووریی ئەو ڕێژیمە، گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان کە لە نێو ئاگری شەڕی تایفەیی و مەزهەبیدا دەسووتێت لە مانەوە لە ئێران بە باشتر دەزانن.