کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕەکی نایسەری سنە لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەرییە

17:33 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: گەڕەکی نایسەر، لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی شاری سنەیە کە لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەرییە؛ ئەم گەڕەکە زیاتر لە ٧٥ هەزار کەس حەشیمەتی لەخۆ گرتووە.

گەڕەکی نایسەری شاری سنە بە حەشیمەتێکی زیاتر لە ٧٥ هەزار کەسەوە، یەک میتر فەزای سەوزی نییە و بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بووەتە شوێنێک بۆ کەڵەکەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کێشە و گرفته کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان.

ئەم گەڕەکە یەکێک لە گەورەترین گەڕەکەکانی دەوروبەری سنەیە کە کۆڵانە خاکی و پڕ لە هەوراز و نشێوەکانی پیشاندەری نەبوونی خزمەتگوزاری لەم گەڕەکەن.

نەبوونی بنکەی پەروەردەیی، فەرهەنگی و دەرمانی و هەروەها نەبوونی یاریگەیەکی وەرزشی بەشێکی تر لە کیشەکانی خەڵکی ئەم گەڕەکەن.

گەرەکەکانی دووشان، ئاساوڵە و نایسەر لەو گەڕەکانەن کە بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیم لە گوندەوە بوون بە گەڕەک و وەکوو گەڕەکی دەوروبەری شاری سنە ناویان لێ دەبردرێت، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم و لە پەراوێزخستنەوە بوونەتە شوێنێک بۆ کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان.

بە وتەی سەیفوڵلا ڕەزایی، ئەندامی شۆرای شاری سنە، ڕێژەی قوتابییانی قۆناغی سەرەتایی لەم گەڕەکەدا لەگەڵ قوتابییانی چوار شارستاندا بەرابەری دەکات، کەچی کەمترین پێداویستییەکانیشی بۆ دابین نەکراوە.

ئەم گەڕەکانە جیا لە بێبەری بوون لە جۆرەکانی خزمەتگوزاری، بوونەتە شوێنێک بۆ پەرەئەستاندنی جۆرەکانی تاوان و زۆربەی خەڵکی دانیشتووی ئەم شوێنانەش تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بوونە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران هەرجار لە سەردان بۆ ئەو شوێنانەدا باس لە ئاوەدانی و خزمەتگوزاری دەکەن بەڵام کێشەکان هەر لە جێگای خۆیاندا ماونەتەوە.