کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی یاسای بارمتەگرتنی ڕێژیمی ئێران لە سێنای ئامریکا

12:40 - 30 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سێناتۆرێکی کۆماریخوازی ئامریکا، گەڵاڵەیەکی لەسەر گەمارۆی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بارمتەگرتن، بە سێنای ئامریکا داوە.

سناتۆری کۆماریخواز " تام کاتن" گەڵاڵەی یاسای بارمتەگرتنی ڕێژیمی ئێرانـ"ـی پێشکەش بە سێنای ئامریکا کردووە، لەو گەڵاڵەیەدا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بنەماڵەکانیان گەمارۆ دەخرێتە سەریان و خزمەکانیان ناتوانن بە هیچ شێوەیەک بۆ وڵاتی ئامریکا سەفەر بکەن.

سناتۆر کاتن، لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر گەڵاڵەکە وتوویەتی: هەر کەسێک ئامریکاییەک بە بارمتە بگرێت، ناتوانێت بێت بۆ ئامریکا و کەڵک لە ئازادیی ئەم وڵاتە وەربگرێت و تا ئەو کاتەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مافی بنەڕەتی ئامریکایییەکان نەپارێزێت، خۆیان و خزمەکانیان لە ئامریکا وەرناگیردرێن.

لەو گەڵاڵەیەدا هەڵوێستی کۆنگرەی ئامریکا بەو شێوەیە دەبێت:

دوڵەتی ئامریکا، بۆ پێشگرتن لە بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئامریکایی بە دەستی ڕێژیمی ئێران، دەبێ لە هەموو کردەوە و کەرەستەیەک کەڵک وەربگرێت و ڕابگەیەندرێت کە ئامریکا بۆ بارمتەکان باج نادات.

گەمارۆی ویزا و دارایی لەسەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە دەستیان هەیە لە ئازاردان، کەڵكئاژۆ وەرگرتن، دەرکردن، موحاکمە و زندانیکردنی هاووڵاتییانی ئامریکایی، ڕابگەیەندرێت.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئەوەندەی دەسەڵات هەبێت، کە هاتنی بنەماڵەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران قەدەغە بکات و ویزاکانیان لێ وەربگرێت.

گەمارۆوەکان پاش ٣٠ ڕۆژ بە دوای ئەوەی کە هاووڵاتییانی ئامریکایی لە بارمتەی ڕێژیمی ئێران نەمێنن، هەڵوەشێتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە کاتی هاتنە سەرکاریەوە هەتا ئێستە، بە شێوەی سیستماتیک، لەگەڵ دژبەرانی خۆی بە شێوەی نامرۆڤانە هەڵسوکەوت دەکات و تێرۆر و بارمتەگرتن و ئەشکەنجە بەشێکە لە پێکهاتەی ئەو ڕێژیمە.