کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوەڕۆكدا ڕووخاوە

12:26 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کچی یەکێک لە گەورە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانی بەوە داناوە، کە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوەرۆکدا ڕووخاوە.

"فائیزە هاشمی ڕەفسنجانی"، كچی عەلی‌ئەكبەر هاشمی ڕەفسنجانی و نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دانی بەوە داناوە کە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نێوەڕۆكیدا تووشی داڕمان بووە و ئەگەر بە ڕواڵەت ڕووخانەكەی هەست پێ ناكرێت، ئەوا بەو هۆیەیە كە خەڵک لە داهاتوویان نیگەرانن و نازانن دوای كۆماری ئیسلامیی ئێران چ كەسێک دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت.

ناوبرا لە قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە، کە كۆماری ئیسلامیی دەڕووخێت و جەختیشی کردووەتەوە، لە سیستمی كۆماری ئیسلامیدا باس لە هەر شتێك دەكەیت، وێرانە و ڕوو لە هەر شوێنێك بكەی شتێک بە ناوی كارگێڕی و عەقڵانییەت نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، عەلی‌ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی، ڕەفسەنجانی باوکی تێرۆریزم، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران بە هۆی ڕاوەستانی دڵییەوە مرد.

ئەو تێرۆریستە بەناوبانگە لە کاتی زیندووبوونیدا دوو جار سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێرانی بە دەستەوە بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیدا گەورەترین جەنایەت و تێرۆری لە جیهاندا بەتایبەت دژی نەتەوەی کورد ئەنجام دا و یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە تێرۆری دوو ڕێبەری گەورەی کورد، د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی دەستی هەبووە.