کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران _ ژنێڤ، له‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد

12:14 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران _ ژنێڤ له‌ وتارێكدا له‌ ٣٩هه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی شۆرای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، هێرشی مووشه‌كیی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنه‌كه‌كانی حیزبی دیموكراتی مه‌حكووم كرد و داوای له‌ نه‌ته‌وه ‌یەكگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی كرد، كه‌ ڕێژیمی ئێران مەحکووم بكه‌ن.

ده‌قی وتاره‌كه‌:

به‌ڕێز سه‌رۆک

پێشه‌کی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، پێشوازی له‌ راپۆرتی راوێژکاری تایبه‌تی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ پێشگیریی له‌ جینۆساید و کوشتار ده‌کات.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران _ ژنێڤ، سەرنجتان بۆ سه‌ر ده‌سدرێژی و هێرشی مووشه‌كیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و كه‌مپی په‌نابه‌رانی نزیكی ‌ كۆیه‌ له كوردستانی باشوور ڕاده‌كێشێ.

له‌ ڕێكه‌وتی ٨ سپتامبری ٢٠١٨، كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ هێرشێكی مووشه‌كیی دوورهاوێژ بۆ سه‌ر بنكه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و كه‌مپی په‌نابه‌رانی نزیك‌ كۆیه‌ له كوردستانی باشوور، ١٥ كه‌سی تێرۆر و زیاتر له‌ ٥٠ كه‌سیشی بریندار کرد.

هه‌روه‌ها ڕۆژێك پێشتر، له‌ ڕێكه‌وتی ٧ی سپتامبر، هێزه‌كانی سپای پاسداران له‌ تۆپبارانێكی كوێرانه‌دا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی برادۆست و سیده‌كان، زیانێكی زۆری به‌ مه‌ڕ و ماڵات و كشتوكاڵی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی ناوچه‌كه‌ گه‌یاند.

ده‌ستدرێژی و كه‌مپه‌ینی تێرۆری كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ سه‌ر باشووری كوردستان، تۆپبارانی كوێرانه‌ی گوندنشینه‌كانی سنوور و كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران له‌ كۆیه‌، پێشێلكاریی ڕوونی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی و كۆنوانسیۆنه‌كانی ژنێڤه.‌

له‌ کۆتاییدا، داواده‌که‌ین له‌ شۆرای مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، هێرشی کۆماری ئیسلامی مه‌حکوم بکه‌ن و کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینه‌وه‌ دروست بکه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران _ ژنێڤ

١٧ی سپتامبری ٢٠١٨