کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠%ی بانکەکانی ئێران مایەپووچ بوون

11:52 - 4 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بارودۆخی بانکەکانی ئێران لەوپەڕی خراپی خۆیدایە و بەوتەی بەڕێوەبەریی گشتی سندوقی پاشەکەوتی فەرهەنگییانی ئێران، ٩٠%ی بانکەکان مایەپووچ بوون.

مێهدی نیکدڵ بەڕێوەبەریی گشتی سندوقی پاشەکەوتی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە: ئەگەر ڕێژەی قەرزداری بانکەکان و ڕێژەی لادان و سەرپێچییە ماڵییەکان بکەینە پێوەر بۆمان دەردەکەوێت کە سیستمی بانکی و ماڵی ئێران نەتەنیا باش نییە بەڵکوو زۆریش خراپە و ٩٠%ی بانکەکان تووشی مایەپووچی بوون.

پێشتریش کامران نەدری بەڕێوەبەری گرووپی بانکداری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو: ئێران لە بواری تێکنۆلۆژی بانکداری و زانستی بانک زۆر لە دوایە و سیستمی بانکداری ئێران لە بواری کۆنترۆڵی نەخدینەیی، دانی وام و ئاسانکارییە بانکییەکان یەکێکە لە سیستمە دواکەوتووەکانی جیهان؛ هەر ئەمەش وای کردووە کە ئێمە نەتوانین لەباری ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە پەیوەست بە سیستمی جیهانی دراو و بانکە بیانییەکان بین.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە تا چەند ڕۆژی دیکە خولی نوێی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیم دەست پێدەکات کە جیا لە کەرتی نەوت و گاز، سیستمی ماڵی ئێرانیش دەکاتە ئامانج و بەو پییەش دۆخی بانکداری و سیستمە ماڵییەکانی ئەم وڵاتە هێندەی دیکە تووشی داڕمان و سەرلێشێواوی دەبێت.