کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ی جۆزەردان، ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد بە دەستی ڕێژیمی ئێران

13:10 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی هەر ساڵێک وەبیرهێنەرەوەی جەنایەتێکی دیکەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستاندایه.

لە ڕێکەوتی  ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی‌دا ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی خەباتکاری کوردستان، بە تایبەتی لاوانی شۆڕشگێڕ، بۆ تۆڵەئەستاندنەوە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، لەوپەڕی دڕندەییدا ٥٩ لاوی کوردیان لە شاری مەهاباد ئێعدام کرد.

ئەوە نە یەکەم تاوان و نە دواتاوان دژی خەڵکی کوردستان بوو بەچەشنێک کە ئێعدامی بە کۆمەڵی لاوانی کورد، دوای ئەم تاوانەش هەر درێژەی هەبوو. بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی تاوان و جەنایەت دژی خەڵکی کوردستان، هیچ کات سەبارەت بە کردەوەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرا، بە پێچەوانەوە پلە و پایەیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا چووە سەر.

بەڵام تێپەڕینی زەمان، ئەم تاوانانە و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئازادیخوازانی کوردستان، لە بیر گەلی کورد ناباتەوە. ئێستا کە ٣٥ ساڵ بەسەر ئێعدامی بە کۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی تێپەڕ دەبێت، ڕۆڵەکانی کوردستان خوێنی لاوانی شۆڕشگێڕ لەبیر ناکەن و درێژەدەری ڕێگایانن.

ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە لووتکەی بەرەنگاریی خەڵکی کورد لە بەرانبەر هێرشەکانی سپای خومەینی بۆ سەر کوردستان، بەرپرسان و پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە شەڕ دژ بە پێشمەرگەی کوردستاندا لە کورتییان دابوو و شکستی یەک لە دوای یەکیان دەخوارد، لە نێو شارەکانی کوردستاندا دەستیان بە سەرکوت و هەڕەشە و گوڕەشە کرد، تاکوو بەخەیاڵی خاوی خۆیان چۆک بە ئیرادەی خەباتکارانە و مافویستانەی کوردستان دابدەن.