کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی خەرمانان، هێمایەک بۆ یەکدەنگیی کورد

14:11 - 21 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ساڵی پێشدا، وتنەوەی "نا"یەکی دیکە بوو بە ڕێژیمی داپڵۆسێنەری ئیسلامیی ئێران.

ئەمڕۆ ٢١ی خەرمانان، ساڵیادی مانگرتنی مێژوویی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە مەبەستی مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی سێ ڕۆڵەی کورد و مووشەکبارانکردنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرماناندا، کە بەهۆیەوە  ١٦ پێشمەرگە و تێکۆشەر شەهید بوون.

دوابەدوای ڕووداوی ١٧ی خەرمانان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕوو لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای مانگرتنی گشتییان کرد، کە لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان سەرجەم شارەکانی کوردستان بە تێکڕا دووکان و بازاڕەکانی خۆیان داخست و بەم کارە، هەم کردەوە تاوانکارانەکانی ڕێژیمیان مەحکووم کرد و "نا"یەکی توندیان بە ڕێژیم وتەوە.

"تەیموور مستەفایی"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، لەبارەی پەیامی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، ڕوو لە ڕێژیمی ئێران بە هەواڵنێری تیشکی ڕاگەیاند: "ڕێژیم زۆری هەوڵ دا کە ئەو مانگرتنە گشتییە جێبەجێ نەبێت و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆری کرد، بەڵام دۆخی کوردستان و ناڕەحەتیی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەک بوو کە لە ڕۆژی ٢١ی خەرماناندا مانگرتنەکە بە شێویەکی سەراسەری و یەکپارچە بوو کە ڕێژیم چاوەڕوانیی نەدەکرد و ئەم مانگرتنە بۆ خۆی ڕیفراندۆمێک بوو بۆ ڕێژیم و وڵامێکی پتەوی نەتەوەیی بوو بە کۆماری ئیسلامی کە ئێمە کە لە بەرانبەر شەهیدکردنی ڕۆڵەکانماندا بێ هەڵوێست و بێ لایەن نابین، ئەگەر زەربەیەک لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانی کوردستان دەدرێت، بێگومان ئەو زەربەیە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دەدرێتەوە و ئەم حەرەکەتە دەنگدانەوەی باشی لە جیهاندا هەبووە".

هەروەها چالاکێکی مەدەنی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لەم بارەوە  ڕایگەیاند:" ٢١ی خەرمانان دوای ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ڕوویدا، ئاسمیلەی سیاسی و مەحروومییەتی پێڕاگەیشتن، ٤٠ ساڵ خۆگێلکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە دوای ئەو هەموو گرتن و لەسێدارەدانە، دیسان پێی سەلمێنرا بە لەسێدارەدانی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کورد، تۆپبارانکردنی مەقەڕی حیزبە کوردییەکان، بە هیچ کام لەم شتانە وەک پێشتریش بەم هەموو تێرۆر و ژینۆسایدە ئەو هێزە حەقخوازە سەرکوت و بێدەنگ بکات، دیسانەوە ئەو پەیامەی خەڵک ئەوە بوو کە ئێوە ناتوانن بە کوشتن و سەرکوتی خەڵک لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا ئەم شتە سەرکوت بکەن و بەری پێبگرن و ئێستاش ناتوانن و ئەم کاروانی ئازادییە هەروا بەرەو پێش دەچێت".

ناوبراو لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە یەکدەنگیی خەڵکی کوردستان و بەهاناوەچوونیان ڕوو لە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی هێزە کوردییەکانن و ڕایگەیاند: "خەڵک دەزانن کە چارەنووسیان گرێدراوە بە یەکترەوە و لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە، بۆیە دەبێ حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەو پەیامەی خەڵک لەبەرچاو بگرن و زیاتر هەوڵ بدەن لێک نزیک ببنەوە و خەڵکیش تا ئەو کاتەی بزانن لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی ئەواندان، بەدڵنیاییەوە پشتیان دەگرن و پشتیان چۆڵ ناکەن و بە هی خۆیانیان دەزانن".