کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەزتان پیرۆز

12:52 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەمڕۆ رۆژی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی رێزگرتن لە رۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی كوردە کە بەردەوام لە سەفی پێشەوەی خەبات بەدژی کاولکاری و داگیرکاری لە کوردستاندا حوزوری هەبووە.

بۆ یەكەمجار بە دەستی بەتوانای ئەو مرۆڤە گیان لەسەردەستانە لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، هێرش کرایە سەر دوائاسەواری سەركوت و پاوانخوازی حكوومەتی پەهلەوی لە شاری مەهاباد و بەتەواوی لە هێزی سەركوتكەر پاك كرایەوە.

بە دوای ئەم رووداوە مێژووییەدا بوو كە ئەو هێزە چەكدارە بۆ یەكەمجار ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی بەسەردا بڕا‌ و لە ساڵی 1363وە ئەو رۆژە لە لایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە ناوی رۆژی پێشمەرگەی لێنرا.

لەو سەردەمەوە تا ئێستاش ئەو ناوە پیرۆزە رەمزی سەركەوتن و بوێری رۆڵەكانی نەتەوەی كوردە. ناوی پێشمەرگە رەمز و هێمای بانگی ئازادیخوازی و مانەوەی كورد و نیشتمانەكەیەتی.

پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی خوێناوی گەلی كورددا و لە بەستێنە جۆراوجۆرەکاندا چ وەک پێشمەرگەی شار و چ وەک پێشمەرگەی شاخ، چ وەک پێشمەرگەیەکی ڕاگەیاندنکار و چ وەک کادرێکی دەرمانی برینپێچ، هەمیشە گورزێكی پۆڵایین بووە لە بەرانبەر داگیركەرانی كوردستاندا و ورەبەخش بووە بۆ رۆڵەكانی نەتەوەی كورد .

گیانفیدایی و خۆڕاگری ئەم مرۆڤە خۆنەویستە وای كردووە كە ببێتە سیمایەكی ناسراو و خۆشەویست بۆ گەلەكەی و لە لایەكی دیكەش هیوا ‌و ئۆمید بۆ درێژەدانی خەباتی رەوای میللەتەكەی.

 لە راستیدا ناو و رۆژی پێشمەرگە تایبەت بە حیزب و رێكخراوێك نییە بەڵكوو ناو و رۆژی هەموو خەباتگێڕێكی راستەقینەی نەتەوەی كوردە كە هەوڵ دەدا بۆ وەدیهێنانی مافە رەوا و لەمێژینەكانی نەتەوەی خۆی ‌و نیشتمانەكەی.

لەم نێوانەدا نابێ دەور و نەخش و ڕۆڵی خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەویستی کوردستان لەبیر بکەین؛ ئەو کەسانەی کە بە هەموو شێوەیەکی لواو یارمەتیدەر و پاڵپشتی ڕۆڵەکانی خۆیان بوون و هەردەم بە خەمخۆرییەوە بەهانای پێشمەرگەکانی کوردستانەوە هاتوون.

هەر بۆیە بەناوی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و ئەمەگناسی لەهەمبەر تێکۆشان و شەونخوونی و ماندوویەتی ئەم ڕۆڵە گیان لەسەر دەستانە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەش بە هەموو پێشمەرگەی کوردستان دەکەین و ئاواتەخوازین کە هەروا بە باوەڕی پۆڵایینەوە لە سەنگەر و مەتەرێزی خەباتدا بن و وەک ڕابردوو دڕ بە تاریکی بدەن.

پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پیشمەرگەی کوردستان باسکی بەهێزی گەل