کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی گەڵاوێژ، ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیەک

13:49 - 26 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵرۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شار و ناوچەکانی ئێران و کوردستان بە شێوەی بەربڵاو لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتەوە، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاوێژ، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەردەشت لە گوندی '' قەڵاتە ڕەش'' بە نووسینی : ''٢٥ی گەلاوێژ پیرۆز بێت، بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاسان بەردەوامە'' چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر بەم بۆنەوە، لە شاری پیرانشار، پێشمەرگەکانی شار، لە شارەدێی ''پەسوێ'' و گوندی ''کانی بوداغ'' و هەروەها گوندی ''شاوەلە'' سەر بە شاری نەغەدە، بە چەک و ڕەختی پێشمەرگانە و هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرەو پیری ٢٥ی گەلاوێژەوە چوون.

هاوکات، قارەمانانی دێموکرات لە ناوچەی مەرگەوەڕی سەر بە شاری وڕمی لە گوندەکانی: "زێوە، قایر، گردوان، برزان، جادەی زێوە و دزە، جادی ژاراوا - دزە بۆ شنۆ" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینی دروشم چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا وهەر بەم بۆنەوە لە شارەدێی ''دزە''ی مەرگەوەڕ تەقەی خۆشیان کردووە .

هەروەها، ئەندامانی دلسۆزی حیزب لە شاری ورمێ لە کێوی "ئاغ داخ"ی ناوچەی ''دۆڵی''ی ورمێ ویرای چالاکیی تەبلیغی ئاگریان کردووەتەوە و تەقەی خۆشیان کردووە.

ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئەو ڕۆژەیان پیرۆزبایی کرد.

لە شاری بۆکان، ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات، بە نووسینی دروشمی '' ٢٥ی گەڵاوێژ، ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیەک'' و هەڵدانی ئالای کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکرات یادی ئەو ڕۆژەیان پێرۆز ڕاگرت.

بە بۆنەی ۷٤مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئیران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە گوندی ''نییەر'' سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە شایی و هەڵپەرکێ و هەڵکردنی ئاگر، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز نرخاند.

ڕۆلەکانی چاونەترسی دێموکرات لە شاری ''گوێگتەپە'' و لە گوندی ''لەج ''سەر بەناوچەی شارویرانی مەهاباد بە بڵاو کردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی بەرێنی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها، شێرە کوڕەکانی دێموکرات لە ناوچەی ''شامات'' سەر بەشاری مەهاباد لە گوندەکانی: ''بەفرەوان و قوڵەسەن '' چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

ئەندامانی تێکۆشەری دێموکرات لە شوێنە جیاجیاکانی شاری تاران بە شێوەی بەربڵاو تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەڵاوێژیان بڵاو کردەوە.

هەروەها ، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ''دەماوەند'' بە بڵاو کردەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.