کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی ئۆکتۆبر و بەردەوامی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا

12:05 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەموو ئەو چالاکییانەی کە بۆ نەمانی سزای لەسێدارەدان لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئێراندا کراوە، جێبەجێکردنی ئەم سزایه بەتایبەت بۆ چالاکانی سیاسی هێشتا بەردەوامه.

ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر، بەرانبەر بە ١٨ی ڕەزبەری هەموو ساڵێک، وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای لەسێدارەدان لە لایەن هاوپەیمانەتی دەیان ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دیاری کراوە.

ئامانج لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، لابردنی سزای لەسێدارەدانە کە بە وتەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە و بە واتای پێشێلکردنی مافی ژیانە.

لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، بە دەیان کەس لە لاوانی ئازادیخوازی کوردستان لە نێو چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لە ژێر هەڕەشەی مەرگدان، کە بەرچاوترینیان هیدایەت عەبدوڵلاپوور، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆیە، کە حوکمی لەسێدارەدانی ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەر لە لایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوە و لە بەرەبەری جێبەجێکردندایە.

به وتەی ڕەها بەحرەینی، لێکۆڵەری کاروباری ئێران لە لێبوردنی نێونەتەوەییدا، هەنووکه زۆرتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان سزای لەسێدارەدانیان لە یاسا یان لە کردەوەدا ڕاگرتووە و ئیدی جێبەجێی ناکەن، بەڵام لە وڵاتی ئێراندا ئەم سزایه بە بەردەوامی جێبەجی دەکرێت، که بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧، ٥١%ی هەموو لەسێدارەدانەکانی دنیا لە وڵاتی ئێراندا ئەنجام دراون.

١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ زیاتر لەسەر بارودۆخی مەحکوومکراوەکان و ژیان لە ژێر سێبەری قورسی مەرگدا پێناسە دەکرێت، کە لە هەر وڵاتێکدا دەتوانێ بە شێوەیەکی جیاواز بێت، لە ژووری تاکەکەسییەوە بگرە هەتا ژوورە پڕحەشیمەتەکان.

بە وتەی ئەم هاوپەیمانەتییە، لە هەندێک لە وڵاتەکاندا جگە لە بارودۆخی نالەباری مەحکوومکراوەکان، شێوەی پێڕاگەیشتن و دادڕەسی نادادپەروەرانەش بوونی هەیە.

مەحموود ئەمیری موقەددەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، که یەکێک لە ئەندامانی ئەم هاوپێمانەتییەیە دەڵێت: "زیاتر له نامرۆڤانەبوونی سزای لەسێدارەدان، بارودۆخی نالەباری زیندانییان لە زیندانەکاندایە؛ زۆربەی ئەو زیندانییانە لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیان پارێزەریان نییە و بە زۆر ناچار دەکرێن دان به تاوانێکدا بنێن که نەیانکردووە و سزایەکیش کە بە سەریاندا دەسەپێت، لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێیه که ئەمەش بۆ خۆی کارێکی نایاسایییە."

لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ٢٣ وڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە، که لەم نێوانەدا  ئێران پاش وڵاتی چین به ڕێژەی ٥٠٧ حاڵەتی لەسێدارەدان، لە پلەی دووهەمدا بووە.

بەڵام ئەوەی کە زۆرتر جێی سەرنجه، لەسێدارەدانی کەسانێکە کە لە ژێرەوەی تەمەنی یاساییدان ، واتا لە کاتی مێرمنداڵیدا تاوانێکیان کردووە و پاش گەیشتن به تەمەنی ١٨ ساڵان لە لایەن دادگاکانەوە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە؛ کە لەم بارەوە دەتوانین ئاماژه به زەینەب سکانوەند، ژنە کوردێکی تەمەن ٢٤ ساڵان بکەین، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە هۆی ڕوودانی تاوانێک کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ئەنجامی دابوو، سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێندرا.

وڵاتی ئێران وەکوو یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان و هەروەها پێشێلکاری مافی مرۆڤ، بە بەردەوامی لە هەموو ڕێگایەکەوە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی ئێران هەوڵ دەدات؛ ئەم ڕێژیمە لە وڵامی جۆرەکانی دژایەتیکردن و مەحکوومکردنی کردەوەکانی لە لایەن خەڵکەوە جگە لە چەند حاڵەتێک کە بۆ پێشگرتن لە هەستانەوەی خەڵک، تەنیا کاتی جێبەجێکردنی حوکمەکانی وەدوا خستووە، لە حاڵەتەکانی دیکەدا هەوڵی داوە بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا نێونەتەوەیییەکان و یاساکانی مافی مرۆڤ بە توندترین شێوە درێژه بە سەرکوت و ئازاری خەڵک بدات.

ئا: ئاسۆ مەنبەری