کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات بەدژی ئێعدام

15:23 - 18 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ئەمساڵیش ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سزای نادادپەروەرانەی ئێعدام بەلێشاو تێیدا بەڕێوە دەچێت.

ڕێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوی هاوپیوەندی جیهانی دژ بە سزای ئێعدام ئەم ڕۆژەیان وەک ڕۆژی جیهانی خەبات بە دژی سزای ئێعدام دیاری کرد تاکوو بەمشێوەیە هەوڵ بۆ نەهێشتنی سزای ئاماژەبۆکراو بدەن.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان سەرەڕای تێپەڕینی ١٤ ساڵ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە هێشتا ئەم سزا لە ٥٧ وڵاتی جیهاندا بەڕێوە دەچێت.

دوایین ڕاپۆرتە ساڵانەکانی ڕێکخراوە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان بەتایبەت لێبوردنی نێونەتەوەیی باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی، چین، عەرەبستان، سودان، پاکستان، سومالی و عێراق یەکەم وڵاتانی جیهانن کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان، تێیاندا ڕوو دەدەن.

ئەم پرسە بەتایبەت بۆ ئێران زۆر هەستیارترە چونکە لەم وڵاتەدا ئێعدام بەشێوەی ئاشکرا و لە پێش چاوی بیروڕای گشتی بەڕێوە دەچێت کە کاریگەری نێگەتیڤی زۆر لەسەر کۆمەڵگا دادەنێت و ڕێژەی توندوتیژییەکان زیاتر دەکات؛ هەروەها ئێعدامی منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ١٨ ساڵ لە ئێراندا یاسایی و ڕێگەپێدراوە کە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، ئەمە پێشێل‌کردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤە.

بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ساڵی ٢٠١٦دا لانیکەم ٥٧٠ کەس لە ئێراندا ئێعدام کراون؛ ئەم ئامارەش لە حاڵێکدا بڵاو بوویەوە کە ماڵپەڕ و سەرچاوە خۆجێیەکانی چالاک لە کاروباری مافی مرۆڤ باسیان لەوە کردووە کە ئەم ڕێژەیە گەلێک زیاترە و بەهۆی ئیزن نەدان بە چالاکیی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئاماری ڕاستین لەمبارەوە نادرکێت.