کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا بەرز ڕاگیرا

11:52 - 30 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا:  کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا، یادی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک، بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا، یادی ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری ''مەنچێستر'' بەرز ڕاگرت.

سەرەتای ڕێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد.

پاش بەخێرھاتنی ئامادەبووان لە لایەن ''ھوشیار شوجاعی''، بەڕێوەبەری ڕێوەڕەسمەکە، پەیامی کۆمیتەی بریتانیا لە لایەن ''فەرید دەیھیم''، بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیا پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە سەروەریی ٧٤ ساڵەی حیزبی دێموکرات، خەبات و قوربانیدانەکانی ئەو حیزبەی لە پێناو ھێنانەدیی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد کرد.

پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان  و خوێندکاران، لە لایەن ''بەھارە حوسەینزاد''ەوە خوێنداریەوە.

 دواتر ''محەممەد ئیناخی''، شێعرێکی لەسەر ڕاسانی شاخ و شار پێشکەش کرد.

کۆمیتەی بریتانیا بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی زیاتر لە سی ساڵ تێکۆشانی ھاوڕێ ''مریەم ڕەحمانی''، لەوحێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ناوبراو کرد.

کۆتایی بەرنامەکە بە شادی و ھەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێھات.