کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شاخەوانی ناوداری کورد موقبەل هوونەرپەژوو بەرز ڕاگیرا

09:34 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شاخەوانی ناوداری کورد "موقبەل هونەرپەژوو" ڕێوڕەسمیکی تایبەت لە بەرزاییەکانی بەردەزەدری شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی شاخەوانانی شارەکانی کوردستان، شاعیران، نووسەران و خەڵکی شاری بۆکان، بۆ یادی ١١ ساڵەی کۆچی دوایی شاخەوانی هەرگیز نەمر "موقبەل هونەرپەژوو" لە بەرزایی بەردەزەرد بەڕێوە چوو.

موقبەل ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ لە کاتی ڕاهێنان بە لاوانی پارێزگای ورمێ لە کێوی بەردەزەرد کەوتە خوارەوە و بەتوندی بریندار بوو که دوای ۹ ڕۆژ گیانی لەدەست دا و نیشتمانی ڕەشپۆش کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەدایک بووە و لە ساڵی ٧٧تەوە وەرزشی شاخەوانی دەست پێ کردووە. ساڵی ١٣٨١ بە چوونەسەر بۆ دوندی کێوی "لووتسە" بە بڵیندایی ٨٤١٦ میتر وەکوو لاوترین کەسێک لە ئاستی جیهاندا هەڵبژێردرا.

 ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ شاخەوانی کورد محەممەد هەوراز لە بەرزایی گاشێربڕۆم بە بڵیندایی ٧٨٠٠ میتر سەرکەوتن و دوایی توشی ڕوودای ڕنووی بەفر هاتن کە لە ئاکامدا بۆی هۆی گیان لەدەستدانی محەممەد هەوراز و موقبیلیش بەتوندی بریندار بوو. دووبارە ساڵی ١٣٨٣ بەسەرکەوتوویی لە بەرزایی ئێسپانتیکی پاکستان بە بەرزایی ٧٠٢٠ میتر سەر کەوت و ساڵی ١٣٨٦ وەکوو ڕاهێنەری تیمی میللی شاخەوانی ئێڕان دیاری کرا.

هەموو ساڵێک لە شاری بۆکان و بە بەشداری بەرچاوی هاووڵاتیان لە هەموو شارەکانەوە ڕێوڕسمی ساڵیادی شاخەوان موقبەل هونەرپەژووه بەڕێوە دەچێ.