کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی لەدایکبوونی "قاناتێ کوردۆ" لە ولاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

12:30 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ١١٠ـەیەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پڕۆفیسۆر و زانای ناوداری کورد، "قاناتێ کوردۆ"، لە شارەکانی کوڵن و هامبورگ لە وڵاتی ئاڵمان و لە لایەن ڕێکخراوی کۆمکارەوە، کۆڕێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

ڕۆژەکانی ٣١ی خەرمانان و ٧ی ڕەزبەر، کۆڕێکی تایبەت بۆ ١١٠ـەیەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی زانای ناوداری کورد، قاناتێ کوردۆ بۆ چەند شارەزا و زمانزانی کورد وەک "دوکتورعەسکەر بیووک"، "دوکتور ئیبراهیم مەحموود" و "دوکتور حوسێن هاباش" بەڕێوەچوو کە شاندێکی سەر بە کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش  بەشدارییان تێدا کرد.

لەو کۆڕەدا ئاوڕ لە قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی پرۆفیسۆر قاناتێ کوردۆ درایەوە و یادی ئەو زانا ناودارەی کورد بەرز ڕاگیرا.

"قاناتێ کوردۆ" یەکێک لە دۆستانی نزیکی شەهید کاک دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بووە کە ساڵی‌ ١٩٠٩ لە گوندێکی باکووری‌ کوردستان لەدایکبووە. باپیری‌ قەناتێ‌ کوردۆ یەکێک بووە لە ‌پیاوە ‌ھەرە ناودارەکانی ئێزدی کە لە تاوی زوڵم و زۆری‌ دەسەڵاتدارانی‌ ئەو سەردەمە بەرەو خۆرھەڵات کۆچی کردووە و دواتر لە تەفلیسی‌ پێتەختی‌ گورجستان گیرساوەتەوە.

ساڵی‌ ١٩٢٨ قاناتێ کوردۆ لە ‌تاقە خوێندنگەی‌ کوردیی‌ ئەو شارەدا بووە بە خوێندکار و پاشان‌ لە ‌زانکۆی‌ لینینگراد بەشی‌ زمانە ئێرانییەکانی‌ تەواو کردووە. لە ‌سەردەمی‌ جەنگی‌ دووەمی‌ جیھانیدا بڕوانامەی‌ دوکتورای‌ وەرگرتووە و لە ھەمان زانکۆدا تا کۆتایی‌ ساڵی‌ ١٩٥٩ مامۆستا بووە.

لە ‌سەرەتای‌ شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا قاناتێ کوردۆ بوو بە سەرۆکی‌ بەشی‌ زمانی‌ کوردی‌ لە پەیمانگەی‌ گەلانی‌ ئاسیا، کە سەر بە ئەکادیمیای‌ زانستیی‌ یەکێتیی‌ سۆڤیەت بوو. قاناتێ کوردۆ وەک خۆرھەڵاتناسێک گەلێک کتێب و فەرھەنگی‌ زمان و بەرھەمی‌ ئەدەبیی‌ نووسیوە و خزمەتێکی‌ زۆری بە‌ زمان و ئەدەب و کولتوور و فۆلکلۆر و مێژووی‌ کوردی‌ کردووە.

قاناتێ کوردۆ، ڕۆژی‌ ٣١ی تەشرینی یەکەمی ساڵی‌ ١٩٨٥، کۆچی دوایی‌ کرد.