کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٣١مین شیمیابارانی هەڵەبجە لە پارلمانی سوید بەڕێوە چوو

11:27 - 23 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٣١مین ساڵیادی شیمیایی بارانی هەڵەبجە ڕێوڕەسمێک لە پارلمانی سوید بە بەشداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پارلمانی سوید، ڕێوڕەسمی ٣١مین ساڵیادی شیمیابارانی هەڵەبجە بە هاوکاری تۆڕی سویدی ـ کوردی  بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە لە کاتژمێر ١٠ سەر لە بەیانی بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لەم ڕێوڕەسمەدا هەیئەتێکی حیزبی دیموکرات بە سەرپەرەستیی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی سوید "حەمید تەیمووری" بەشداریان کرد و سەرەڕای ئەمەش کۆمەڵێک پارلمانتار و کەسایەتی سویدی و کوردی و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم وڵاتەو نوێنەری زۆربەی حیزبە کوردیەکان و فیدراسێۆنی کۆمەڵەی کورد و کوردستانیەکان بەشداری ئەم کۆڕە بوون.

تاوانی شیمیابارانی شاری هەڵەبجە ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ١٩٨٨ی زایینی لە لایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری بەعس دژی نەتەوەی کورد ئەنجام درا و نزیکەی ٥ هەزار هاووڵاتیی بێ تاوان شەهید و بە دەیان هەزار کەس  بریندار کران.

تۆڕی سویدی ـ کوردی لە کۆمەڵێک پارلمانتاری کوردی و سویدی کە لە شەش حیزبی سویدی ناو پارلمانی سوید پێکهاتووە و ساڵانە ئەم یادە لە هۆڵی پارلمانی سوید کە ئەمە ٧مین ساڵیەتی بەڕێوە دەچێ و باسی نەهامەتی گەلی کورد و مەحکوم کردنی ئەو کارەساتە و تراژدیەکانی تری گەلی کورد دەخەنە بەر باس و لێکدانەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، سەرەتا پارلمانتار خاتوو "ڕۆزا" لە لیستی سوسیال دێموکرات کە بەرپرسی تۆڕی سویدی ـ کوردیە، باسی کێشەی کورد و کارەساتی هەڵەبجەی کرد و بە کارەساتێکی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا دەرحەق بە گەلی کورد. باسی ئەوەی کورد کە ناوبراو چووەتە هەڵەبجە و لە نزیکەوە شار و گۆڕستانەکانی شەهیدانی هەڵەبجەی بینیوە و وەک ئەوەیە کە ئەو کارەساتە ئێستا ڕووی دابێ و هەر دەم زیندوو دەمێننەوە.

پاشان پەیامی "کیا ئێزول" بەرپرسی فیدراسێۆنی کورد و کوردستانیەکان خوێندرایەە. ناوبراو باسی تراژدیای گەلی کوردی کرد کە وڵاتانی داگیرکەر دەرحەق بە گەلی کورد ئەنجامی دەدەن و بەردەوامیشن و دواکارەساتیش نابێ. ناوبراو وتی دەبێ دەوڵەتی سوید کێشەی کورد بەرز بکاتەوە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئورووپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا کە کاریگەریان هەیە و کێشەی کورد چارەسەر بکەن.

لە کۆتاییدا "هۆگر هیرۆری" باسی سنارێویەکی خۆی کرد کە کراوە بە فیلم لەسەر کارەساتی هەڵەبجە و کۆڕەوەکەی باشوور و پاشانیش هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان و کارەساتەکانی بە کۆمەڵێک کلیپ پێشانی بەشداربوانی کۆڕەکە دا و لەبارەی ئەو کلیپانە چەند باسێکی کورتی کرد.

دواین بەشی کوڕەکەش نۆرەی بەڕێز فرێدریک ماڵم گەیشت کە جێگری بەرپرسی تۆڕی سویدی ـ کوریە. ناوبراو پاش بە کورتی باسی نەتەوەی کوردی هێنایە بەر باس لە مێژووی ئەم سەد ساڵەی کورد دا هەموی کوشتن و ڕاونان و تەبعید و ماڵوێرانی بووە بۆ کورد و نموونەی شیمیابارانی شاری هەڵەبجە، ئەنفال، کۆبانی و عەفرین و هێرشی داعش و وێرانکردنی شنگاڵ و ئاوارە بوونی ئێزیدیەکان دزینی کچ و کوڕەکانیان و فرۆشتنی کچەکانیان و کە تاکو ئێستاش کۆمەڵێکیان دیار نین. ناوبراو وتی داگیرکەران هەردەم بەرچەسپی جیاوازی خوازی لە کورد دەدەن و پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا کورد لە باشوری کوردستان جیاوازی خوازن یان دەسەڵاتدارانی بەغدا کە لاشەی کوڕ و کچ و پەک کەوتەی کورد بە هێرشی شیمیایی و تۆپ و تانکەوە لە سەریان جیایان دەکەنەوە. ئایا کوردی ئێران جیاوازی خوازن یان رژیمە دیکتاتۆرەکانی تاران کە سەری لاوانی کورد لە بەندیخانەکاندا لە لەشیان جیا دەکەنەوە؟ ئایا کوردی باکور جیاوازی خوازن یان رژیمی دیکتاتۆری ئانکارا کە بە زەبری تانک و تۆپ و تەیارە لاشەی کورد لە سەری جیا دەکاتەوە؟ ئایا کوردی ڕۆژئاوا جیاوازی خوازە یان رژیمی بەعس لە دمشق  و داعش کە بنەماڵەی کورد لە یەک جیا دەکەنەوەو سەری پیاوەکان لە لاشەیان دەبڕن و جیایان دەکەنەوەو ژن و کچی کورد لە بازاڕەکانیان هەرزان فرۆش دەکەن.

ناوبراو هەموو ئەم کردەوانەی بە کردەوەی قێزەون دژی مرۆڤایەتی و دژی نەتەوەی کورد لە قەڵەم داو و لە کۆتایشدا وتی ساڵی داهاتو هەر لەم هۆڵەدا یادی هەڵەبجە و کارەساتەکانی تری دەکەینەوە. هەر لەو کۆرەدا هەیئەتی حیزبیش چاویان بە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی حیزبەکان و کەسایەتیەکان کەوت و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.