کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٥ گەلاوێژ بەرز ڕاگیرا

13:49 - 25 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەستی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، یادی ٢٥ گەلاوێژ، بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٤ گەلاوێژی ١٣٩٨ ی هەتاوی، لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یادی دامەزراندنی ئەو حیزبە بەرز ڕاگیرا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد؛ پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

لە بڕگەی دواتردا بەڕێز "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی حیزبی دێموکراتی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە حیزبی دێموکرات وەکوو حیزبێکی ئازادیخواز دەناسن ڕایگەیاند: پیرۆزبایی تایبەتی حیزبی دێموکرات لە  کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی ئەو حیزبە دەکەین کە ئەرکی قورسی شوێندانەربوون و بە توانابوونیان لە ئەستۆ گرتووە.

هەروەها وتیشی: مەبەستمان لە "راسان" کە وەک خەباتی شار و شاخ تەعبیردەکرێت ئەوەیە کە خەباتەکەمان گشتگیر بێ و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە هی خۆی بزانێت.

وتیشی: لە ئێستەدا چەندە گوشارەکان لەسەر ڕێژیمی تاران زیاتر و تاقەتپڕووکێنترن هەر ئەوەندەش هیوا و ئاسۆ بە دواڕۆژ بۆ ئێمەی کورد و حیزبی دێموکرات ڕووناکترە.

دواتر "سەیاد میکائیل نژاد" پێشمەرگەی هونەرمەندی گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی بە ناوی "مزگێن ئەی شەهید" پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن "سەلام ئیسماعیلپوور" ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە؛ ناوبراو لە پەیامەکەدا وتی: "حیزبی دێموکرات خاوەنی زۆر تایبەتمەندیی سەرنجڕاکێشە کە پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو حیزبەی بە پانتایی هەموو کوردستان بەرین کردۆتەوە و لە قووڵایی دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا جێی خۆی کردۆتەوە"

هەروەها لە پەیامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەدا کە "ڕێبازی دێموکرات، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە مرۆڤی کورد لەسەر بنەمای بەهاکانی وەک دێموکراسی، ڕزگاریی نەتەوەیی، چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی چینایەتی، سێکۆلاریزم و یەکسانیی ڕەگەزی پەروەردە بکرێت و لە ڕێگەی ڕێکخستنێکی شۆڕشگێڕانەوە تێکۆشانی خۆی لەو بوارانەدا ئامانجدار و کاناڵیزە بکات".

لە بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا  "کامران سەرشین" پێشمەرگەی هونەرمەند گۆرانی و مەقامێکی بە ناوی "تریفەی مانگەشەو" پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا گروپی سروودی "نەوەکانی قاسملوو"ی سەر بە ناوەندی نێرگز، سروودێکیان بە ناوی "دێموکرات ئاواتی بەرزی وڵات" پێشکەش کرد.

بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە گۆڤەند و شایی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە.