کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکان بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان، سەرفی مەئموریەتە ئیدارییەکان کراوە

10:52 - 9 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە پاش نیزیک بە یەک ساڵ لە ڕووداوی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی کرماشان، هێشتا خەڵکی لێقەوماوی ئەم ناوچە لە نێو کانێکس و خێوەتدا دەژین، یارمەتییە کۆکراوەکانیان بۆ مەئمووریەتە ئیدارییەکان سەرف کراوە!

ئەحمەد سەفەری بەناو نوێنەری کرماشان لە مەجلیسی ڕێژیم وێڕای درکاندنی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: پاش نیزیک بە یەک ساڵ لە بوومەلەرزەی کرماشان هێشتا لێقەوماوانی ئەم ڕووداوە لە نێو خێوەت و کانێکسەکاندا دەژین و تا ئێستاش ڕوون نییە ئەو بودجەی کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچەکە تەرخان کرابوو و ئەو یارمەتییە ماڵییە کە لەلایەن خەڵکەوە کۆ کرابوویەوە چی لێ بەسەر هاتووە.

ناوبراو وتوویەتی: بونیادی "مسکن" تاکوو ئێستا بڕی ٢٦ میلیارد تمەن پارەی هەناردراو لەلایەن خەڵک بۆ لێقەوماوانی، بەناوی مەئمووریەتی کارمەندەکانی خۆی بۆ بوونیان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان سەرف کردووە!

چالاکێکی ناوچەی سەرپێڵی‌زەهاویش لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: بەداخەوە تاکوو ئێستا نە دەوڵەت و نە ئۆرگانە پێوەندیدارەکان ئامادە نەبوون ئاوڕێکی جیددی لە دۆخی ژیانی لێقەوماوان بدەنەوە و هەر کات بەرپرسێکی حکوومەتی دێتە ئێرە کۆمەڵێک درۆ و وادەی بێ‌بنەمامان ڕادەست دەکات و دەڕوات.

بەوتەی ئەم چالاکە مەدەنییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، هەنووکە خەڵکی لێقەوماو پاش دیتنی سەختی و کێشەی زۆر لە هاوین و زستانی ساڵی ڕابردوو و هەروەها هیوابڕاو بوون لە یارمەتی گەیاندنی دەوڵەت، ڕوویان لە هەندێک کار کردووە بۆ ئەوەیکە بتوانن سەرپەنایەک بۆ خۆیان دابین بکەن.

ناوبراو دەڵێ بەهۆی گوشارەکانەوە بەشێک لە لێقەوماوان ئامادە بوون گورچیلەکانیان بفرۆشن تاکوو خانوویەک بۆخۆیان ساز بکەن کە لە سەرمای زستانی داهاتوو بیانپارێزێت.

ڕێژیم تەنانەت ئامادە نەبووە بودجەیەکی ڕوون بۆ کردنەوە و نۆژەنکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیش تەرخان بکات و هەر بەم هۆیەشەوە بەوتەی سەرۆکی شۆرای شاری سەرپێڵ ئەمساڵ تەنیا بەشێوەی سەمبۆلیک چەند قوتابخانەیەک کرانەوە و ئەوانی دیکە بە داخراوی ماونەتەوە و قوتابییان لەم مافە بنەڕەتییەش بێبەش کران.