کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارێکی بەوەفای شەهید دوکتور قاسملوو کۆچی دوایی کرد

12:07 - 7 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: مامۆستا مەلا "محەممەد ئیمامی" کەسایەتیی ناسراو، مامۆستای ئایینی، نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی نیشتمانپەروەر، دانیشتووی شاری سەقز، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری گەلەکەمان، مامۆستا مەلا "محەممەد ئیمامی"، دۆستێکی نزیکی شەهید دوکتور قاسملوو لە شاری سەقز، کۆچی دوایی کرد.

 ناوبراو خۆشەویستی هەمووچین و توێژەکانی ناوچەکە بوو. مامۆستا لە دوایین کەسایەتییە خەباتکارەکانی دەورانی کۆمار و بەتایبەت بزووتنەوەکەی دوای کۆمار بوو، ئەندامی چالاکی حیزب بوو، لە ساڵی ۱۳۳۸ هەتا ۱۳٤۲ لە زیندانەکانی تەورێز و تاران لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا، قارەمانیەتی و وەفاداری و خۆڕاگریی نواند.

مەلا "محەممەد ئیمامی" ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو کە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ شەهیدان "سم'ایل شەریف زادە، سلێمان موعینی"، لە لایەن ساواکەوە گیرا و بۆ گرتوخانەی "قەلعەحەساری کەرەج ڕاگوازرا.

ئەو تێکۆشەرە گەورەیە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان مایەوە و پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا هەبوو.

مامۆستا "محەممەد ئیمامی" ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە گوندی "قەرەچەر" سەر بە ناوچەی گەورکی سەقز لە بنەماڵەیەکی زانا و ئایینیدا چاوی بە دنیا هەڵێنا. لە تەمەنی ٦ ساڵیدا قورئانی پیرۆز لە لایەن دایک و باوکیەوە فێر بوو.

ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی خوێندنی ئایینی لە لای براکەی دەست پێکرد و لە ماوەی ١٠ ساڵدا توانی ئایین و شەرع فێر ببێت. دوای زەحمەتێکی زۆر لە لایەن حاجی باباشێیخەبنی ئەلکاژاوەیی (حاجی بابا شیخ ابن الکاژاوەای) لە گوندی "ئاڵمانە" سەر بە شاری مەریوان، توانی مۆڵەتی وانەوتنەوە وەربگرێت.

دوای ماوەیەک خزمەت و ئیمامەت لە گوندەکانی بانە و دەوروبەری سەرئەنجام ساڵی ٦٢ی هەتاوی گەڕایەوە سەقز و بۆ ماوەی ٣٢ ساڵ لە مزگەوتی " دارولئێحسان"، واتە گەڕەکی بەردبڕانی ئەو شارە ژیانی خۆی بەسەر برد.

ناوبراو چەندین بەرهەمی هەیە کە بریتین لە: "شەست ساڵ وانەوتنەوە و ئیمامی جەماعەت، دانی جەواز بە زانایانی ئایینیی ناوداری کوردستان، کۆمەڵە شێعری کتێبی شەماڵ و زریان، وەرگێرانی وێژە و شێعری کوردی و فارسی (غەزەڵەکانی حافز، سەنایی، پەروین)، دیوانێکی شێعر (چاپ نەکراو)".

ناوبراو هەروەها ئەندامی هەیئەتی دانوستانی نەتەوەی کورد و خەڵکی سوننە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ئینقلابەوە بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ی خەرمانان، کاتژمێر ١١ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی شارەکانی کوردستان، تەرمی ناوبراو لە مزگەوتی دارولئێحسانی بەردبڕانەوە بەرەو گۆڕستانی "شاناز" گوازرایەوە و لەوێ بە خاک ئەسپێردرا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە ، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.