کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاشار كایا لە تەمەنی ٧٨ ساڵدا کۆچی دوایی کرد

15:04 - 20 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سیاسەتمەداری باکووری کوردستان یاشار كایا، کە ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە ‌هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان دەمایەوە، کۆچی دوایی کرد.

یاشار کایا ساڵی ١٩٣٨ی زایینی (١٣١٩ی هەتاوی) لە شاری قەرسێی سەر بە باکووری کوردستان لەدایک بووە.

یاشار کایا ساڵی ١٩٥٩ی زایینی کاتێک کە لە بەشی ئابووریی زانکۆی ئیستانبووڵ خەریکی خوێندن بوو، لەگەڵ ٤٨ کەسی دیکە دەستبەسەر کرا و دوای ساڵ و نیوێک ئازاد کرا و ساڵی ١٩٦٥ خوێندنەکەی بە کۆتایی هێنا.

یاشار کایا لە ساڵی ١٩٦٨دا جارێکی دیکە لەسەر هەمان کەیسی پێشوو بۆ شاری ‌قوونیە دوور خرایەوە، بەڵام هەر لەو ساڵەدا جارێکی دیکە گەڕایەوە شاری ئیستانبووڵ. ساڵی ١٩٩١ بوو بە سەرۆکی حیزبی پارتی ذێموکراسی ناسراو بە (DEP).

DEP ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن دەوڵەتی ئەو کاتی تورکیەوە بە حیزبێکی قەدەغە کراو و هەڵوەشاوە ڕاگەیەندرا.

یاشار کایا بەهۆی چالاکیی سیاسی بە ناچاری ڕووی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کرد و لە ئورووپا پارلمانی کوردستان (PKDW)ی دامەزراند.

یاشار کایا لە ساڵی ١٩٩٤وە تا ساڵی ٢٠١٤ لە شاری فڕانکفۆرتی وڵاتی ئاڵمان مایەوە و دواتر گەڕایەوە بۆ شاری ‌هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان و پاشان لە ڕێکەوتی ١٧ی ئاوریلی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی گەڕایەوە وڵاتی تورکیە.

كایا جارێکی دیکە گەڕایەوە هەولێر و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کۆچی دوایی کرد.

کۆمیسیونی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم نووسەر و سیاسەتمەدارە کوردەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی لە بنەماڵەی سەربەرزی یاشار کایا و کۆمەڵگای ئەدەبی، هونەری و سیاسیی کوردستانی باکوور دەکات.