کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادەی شۆڕشگێڕانە لە "نێ" پاڵپشتی ڕاسانە

12:42 - 24 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دوابەدوای بڵاوکردنەوەی گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانە لە گوندی "نێ"، سپای تێرۆریستی پاسداران بە پچڕاندنی کارەبای گوندەکە، دانی بە شکستەکەی خۆیدا ناوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی "نێ"، شەوی ٢٤ی گەلاوێژ، لە مزگەوتی گەورەی ئەم گوندە و بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕییان بڵاو کردووەتەوە.

لەم چالاکییەدا کە ماوەی ٢ کاتژمێری خایاندووە، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە سێڕێیانی "نێ" وەستاون و نەیانوێراوە کە بێنە نێو گوندەکەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند: "سەرەڕای هەبوونی مۆڵگەی ڕێژیم لە گوندی نێ، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران نەیانتوانیوە پێش بە چالاکیی خەڵکی تێکۆشەر بگرن، هەر بۆیە بە پچڕاندنی کارەبای گوندەکە و دانپێدانان بە شکستی خۆیان، هەوڵیان داوە کە بڵینگۆکە بێدەنگ بکەن".