کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادەی گەل بەهێزترە لە هێزی موشەک

15:18 - 18 خەرمانان 2718

ئەلبورز ڕۆئین تەن

هێرشە موشەکییەکەی ۱۷ی خەرمانان دەتوانرێ لە زۆر لایەنەوە شرۆڤەی بۆ بکرێت، چونکە وێڕای ڕەهەندی پێشێل کردنی یاسای نێونەتەوەیی هەڵگری پەیامی داڕووخانی دەروونی کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیاندنی بێ توانایی لە بەرانبەر شۆڕشی کوردە لە ڕۆژهەڵات.

ڕاگەیاندنی ۱۲ مەرج لە لایەن مایک پۆمپیئۆ بۆ ئێران بە مەبەستی کورت کردنەوەی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەدا لە کاتێکدا ڕاگەیانرا کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت ڕووبەرووی گەمارۆی زۆر سەخت دەبێتەوە، ئێستا کە ئێران تەنیا بە ڕاگەیاندنی بەشێک لەو گەمارۆیانە تووشی هەزاران قەیرانی ئابووری بووەتەوە تەنانەت بە گوێرەی ئامارەکان گرانییەکی بێ وێنە دروست بووە بە جۆرێک بەشێکی زۆری خەڵک کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری، ڕێژیم بە هێرشی مووشەکی ۱۷ی خەرمانان ڕایگەیاند بە نرخی برسی کردنی خەڵک ئامادەی بەردەوامی دەستێوەردانە.

ئەو بابەتە وێڕای ئەوەی دەرخەری هێزی ڕوو بە کۆتایی دیکتاتۆرەکانە چونکە بە هەموو شێویەک دژە خەڵک بوون، تەمەنی دیکتاتۆر کەم دەکاتەوە، سەرەتایەکیش دەبێت بۆ ئەوەی دونیا تێبگات کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ دەست لە بەرنامە و پیلانە  دژە ئارامی و دژە ناوچەییەکانی خۆی هەڵگرێت.

پێویستە ئاکامی ئەو هێرشە لە ڕۆژانی داهاتوو زیاتر دەنگدانەوەی لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان هەبێ چونکە ئەو جۆرە پێشێلکارییانە بۆ ویستی شەڕی ناوچەیی و نائارام کردنی ناوچە لە لایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە کاتێک کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵی کوردستان لە دەست دەدات و پێشمەرگە دەتوانێ بە ئازایی و بەردەوامی لە نێو خەڵک دابێت، بەهۆی هاوکاری خەڵک بۆ پێشمەرگه ناتوانێ پێشگیری حەرەکەتی وا بکات، هەوڵ دەدات بە جۆرێک ئەو شکاندنەی هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی کە خۆی بەردەوام وەک دورگەی ئارامی لە ناوچەدا دەناسێنێ بە هێرشێکی وا قەرەبوو بکاتەوە کە نەک ناتوانێ بەڵکوو بە جۆرێک نیشانەی ئەوپەڕی لاوازی کۆماری ئیسلامییە چونکە هیچ کات هیچ هێزێکی مووشەکی نەیتوانیوە حکومەتێکی ناڕەوا بپارێزێت، بەڵکوو حکومەتە ناڕەواکان ئەو کاتە کە دەسەڵاتی خۆیان لاواز دەکەن کە پشت لە هێزی خەڵک دەکەن و پەنا بۆ هێزی چەک دەبەن.

لە هەمووی گرنگتر مێژووی سەدان ساڵەی بەرخۆدانی گەلی کورد زۆر کۆست و زامی لەو شێوەی دەرباز کردووە بەڵام بۆ یەک چرکەش دەستی لە بەرخۆدان بۆ دابینکردنی ماف هەڵنەگرتووە و هەڵناگرێتیش. باوەڕی ئێمە دەتوانێ شکست بە موشەک بهێنێ چونکە موشەکی ئەوان ڕق لە دڵی خەڵک بە نیسبەت دیکتاتۆر دەچێنێ و باوەڕی شۆڕشگێڕان هیوا بۆ ژیانێکی سەربەست. بێگومان گەلێک کە هیوای بۆ ژیانی سەربەست هەبێ و قین بەرانبەر داگیرکەر هانی دەدا تا ڕیشەی ستەمی دەربێنێ.

لە کاتێکی وەهادا وێڕای سەری ڕێز دانەواندن لە بەرانبەر هەموو شەهیدانی ڕێگای گەل و نیشتمان بە شێلگیرتر کردنی خەباتی خۆمان لە ناوخۆ وڵامێکی بەجێ بۆ ئەو هێرشانە دەدەینەوە هێزی لە بڕان نەهاتووی شۆڕش واتە خەڵکەکەی لە ڕۆژهەڵات و لە دەرەوە بە هەڵبڕینی دەنگی ئازادیخوازی و پشتگیری لە شۆڕشگێڕان دەتوانن ئامانجی گڵاوی دوژمن بۆ ئەوەی شۆڕش لە چالاکی دوور بکاتەوە لە گۆڕ دەنێ و تەنانەت خودی ئەو هێرشە دەبێتە هەنگاوێکی تری هەستانەوەی هەموو توێژو و لایەنێک بۆ گەشەپێدانی هەموو ڕەهەندەکانی شۆڕش بۆ ئەوەی دوژمن بەرەو نەمان ببات تا بسەلمێنێ کە ئیرادەی گەل بەهێزترە لە هێزی مووشەک.