کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بۆ چەندمین جار هێرشی کردە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران

12:11 - 30 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ چەندمین جار هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی لە سووریه تۆپباران کرد.

ڕۆژی ڕابردوو هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی سووریه بڵاویان کردووەتەوە، تۆپخانه‌كانی ئەرتەشی ئیسرائیل له‌ به‌رزاییه‌كانی گوڵان شوێن و بنکەکانی "حیزبوڵڵای لوبنان"ـیان له ‌نێو خاكی سووریەدا تۆپباران کردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەو تۆپبارانەدا‌ ناوچه‌ی "تلول ئه‌لحومر"ـی گرده‌ سووره‌كانی له‌ باكووری قونه‌یتره‌ كردووته‌ ئامانج، كه‌ شوێنی جێگیربوونی ژماره‌یه‌كی زۆر لە چه‌كدارانی حیزبوڵڵای لوبنانە.

له ‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌هێز له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی دێرئه‌لزور له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ بیستراوه‌ و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی بۆردومانه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ بووبێت.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، لەو فڕۆکەخانە سەربازییەدا، ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیا و هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی تێیدا جێگیر كراوه.

هەتا ئێستا هیچ لێدوانێكی فه‌رمی نه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیل و نه‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی سووریەوە له‌ باره‌ی ئه‌و تۆپبارانەدا بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌.

لە ماوەی ڕابردوودا،‌ ئیسرائیل چه‌ندین جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران له‌ناو خاكی سووریه و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران.