کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە مانەوەی خۆمان دەکەین

12:20 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵڕوژی شەڕی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی وێبسایتی "ئەلمەسدەر"، بنیامین نێتانیاهوو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، وێڕای ڕێز و پێزانین بۆ ئەو سەربازانەی کە لە شەڕی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٣ی زایینی، لە نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی عەرەبیدا لە کێوی هێرتسل گیانیان بەخت کردووە، ڕایگەیاندبوو: "ڕێژیمی ئێران خوازیاری لەنێوبردنی وڵاتەکەمانە، بۆیە پێویستە هەتا بە هەموو هێزمانەوە لە وڵاتەکەمان بەرگری بکەین".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندبوو: "ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ هەتا پێش بە ڕوودانی شەڕ بگرین، بەڵام ئەگەر شەڕێک بە سەرماندا بسەپێت، بە هەموو هێزمانەوە لە وڵاتەکەمان بەرگری دەکەین".

بەرپرسی کۆمیتەی وزەی ئیسرائیل، "زئیف سنیر" ڕۆژی هەینی لە دانیشتنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڤییەن، باسی لەوە کردووە، کە بنکە ناوکییەکانیان کەوتوونەتە بەر هێرش و هەڕەشەیان لەسەرە، بۆیە پێویستە بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببینەوە.

ناوبراو لەو دانیشتنەدا هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ئیسرائیل ناتوانێت بە نیسبەت هەڕەشەکانی ئێران و لایەنگرەکانی بێدەنگ بێت، ئێمە ناچارین کە لە خۆمان و بنکە و دامەزراوەکانمان بەرگری بکەین.

زئیف سنیر هەروەها باسی لەوە کردبوو، کە ئێران و سووریە هەڕەشەیەکن بۆ سەر ناوچە و بەگشتی هەموو جیهان، هەروەها ناوبراو وتوویەتی: سووریە هەوڵی دەدا، هەتا بە شێوەیەکی نهێنی ڕێئاکتۆری ناوکی لە دەیرلەزوور دابمەزرێنێت، کە ئەوەش پێشێلکاریی ئاشکرای یاساکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییە.

سنیر لە درێژەی قسەکانی وتوویەتی: "ئیسرائیل دە ساڵ لەمەوپێش ناچار بوو، کە بە دژی سووریە هەڵوێست بگرێت، ئێستاش پێویستە بە کردەوە پێش بە ڕێژیمی ئێران بگرێت".