کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جەخت لە پێشگرتن بە زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەکاتەوە

11:34 - 21 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ چەندمین جارە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە وڵاتانی ناوچەکە بەجێ بێڵێت.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە نوێترین توئیتی خۆیدا، ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی ئاژاوەگێڕیی ناوچەکە زانی و نووسیی: "ئێمە پێبەندین بە پێشگرتن لە زیادبوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەوان دەبێت بگەڕێنەوە نێو ئێران و یەمەن، عێراق و سووریە بەجێ بێڵن و واز لە نانەوەی ئاژاەوە و شەڕ بێنن".

لە بەشێکی دیکەی توئیتەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران بۆ هەر شوێنێک بڕوات لەگەڵ خۆی دەرد و ڕەنج دەبات.

دەوڵەتی ئیسرائیل بوونی هێزەکانی سەر بە ڕێژیم لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت و چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە دەبێت ڕێژیمی ئێران وڵاتانی ناوچەکە بەجێ بێڵێت، دەنا ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک بەرەوڕووی دبێتەوە.

هەر لەم ڕاستادا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان، لە کاتی بینینی ناڤی مووشەکهاوێژێکی ئامریکایی لە قەراغەکانی ئەشدودی ئیسرائیل نێتانیاهوو وتوەیەتی: "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی لە بەرانبەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و هەڵسوکەوتی ئەم هێزانە پارێزگاری لە خۆمان بکەین".

مانگی ڕابردوو دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەتا ئێستا، زیاتر لە ٢٠٠ جار بنکەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردووەتە ئامانج و زیاتر لە ٨٠٠ ڕاکێت و خومپارەی ڕوو بە سووریە تەقاندووە.

هەر لەم بارەوە، ڕۆژی چوارشەممە گرووپی هەنگاو بەدژی ڕێژیمی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە هەتا ئێستا، ڕێژیمی ئێران نزیکەی ١٦ میلیارد دۆلاری لە سووریە، یەمەن و عێراقدا خەرج کردووە.