کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل خوازیاری دژکردەوەی شۆرای ئەمنییەت لە بەرانبەر هەڕەشە مووشەکییەکانی ڕێژیمە

12:48 - 30 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پاش هاویشتنی مووشەکی سیمورغ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کە بەناو بۆ ناردنی ماهوارەی پەیام بۆ فەزا ئەنجام دراوە، زۆربەی وڵاتان دژکردەوەیان لە خۆ پیشان دا.

ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پاش هاویشتنی مووشەکی سیمورغ لە لایەن ڕێژیمەوە، دژکردەوەی هەبووە و داوای لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کردووە، کە لە هەمبەر ئەم کارەی ڕێژیم کە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ـە، هەڵویستی توند بگرێت و پێش بە هەڕەشەکانی مووشەکییەکانی ڕێژیم بگرێت.

دنی نوون، باڵوێزی ئیسرائیل، لە ڕێکخراوی نێونەتەوەییدا، ڕۆژی ٢٩ی بەفرانبار، لە نامەیەکدا بە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندووە: کە هاویشتنی ماهوارەی پەیام لە ڕێگای مووشەکی سیمورغەوە، بەتەواوەتی پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەو شۆرایەیە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "سەرەڕای ئەوەی کە داواکارییەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ڕێژیمی ئێران ڕوون و ئاشکرایە، کە نابێت کردەوەی دنەدەرانە ئەنجام بدات، بەڵام ئەو ڕێژیمە بەبێ ئەوەی پێی سەیر ببێت، بڕیاری دا و ئەم کارەی ئەنجام داوە.

ڕێژیمی ئێران، لە ٢٥ی بەفرانباری ئەمساڵدا، ڕایگەیاند، کە ماهوارەی پەیامی لە ڕێگای هاویشتنی مووشەکی سیمورغەوە بۆ فەزا ناردووە، بەڵام ئەم کارەی لە قۆناغی سێهەمدا سەرکەوتوو نەبووە و ئەم ماهوارەیە لە شوێنی خۆیدا لە فەزا جێی نەگرتووە.

ڕێژیمی ئێران لەژێر ناوی گەشەی زانست و تێکنۆلۆژییەوە، ساڵانە بە هەزاران میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئیران بەفێڕۆ دەدات و هیچ دەسکەوتێکی زانستی و تێکنۆلۆژیشی بۆ خەڵک نییە.